ئێران هەڕەشەی كرد كە گەرووی هورمز دادەخات

22/04/2019 جیهان

 

عەلی رەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران، ئاشكرایكرد، ئەگەر بێت و سنوورداركردنێك پەیوەست بە بەكارهێنانی گەرووی هورمز بێتە ئاراوە، ئەوا ئێران گەرووەكە بەڕووی هاتوچۆدا دادەخات.
عەلی رەزا تەنگسیری سەبارەت بە ئەگەری سنوورداركردنی بەكارهێنانی گەرووی هورمز لە چوارچێوەی سزاكانی ئەمریكا دژبە ئێران لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەكەی وتی: "گەرووی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، رێڕەوێكی دەریاییە. ئەگەر بێت و بەكارهێنانی گەرووی هومز لە لایەن ئێرانەوە سنوورداربكرێت، ئەوا گەرووەكە دادەخەین. لەبەرامبەر هەموو جۆرە هەڕەشەیەكەدا بۆسەر ئاوەكانی ئێران، بەرگریی دەكەین". 
فەرماندەی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەكردووە، لادانی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، محەمەد عەلی جەعفەری و دانانی جێگرەكەی، حسێن سەلامی پەیوەندیی بە بڕیارەكەی ئەمریكاوە نییە لەبارەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران. 
قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە لایەن واشنتۆنەوە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، هەشت وڵات كە نەوت لە ئێران دەكڕن لە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە بەخشرابوون، بەڵام رۆژی دوو شەممە ئەمریكا رایگەیاند، لە مانگی ئایارەوە هیچ وڵاتێك لەو سزایە نابەخشن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group