فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

22/04/2019

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەی فراكسیۆنی جوڵانەوەكەیان لە بەغدا چەندین رەخنەی لە سەركردایەتی نەوەی نوێ گرتبوو، لە هەمانكاتدا سەركۆنەی هەوڵی ناوزڕاندن دەكات كە دژی دەنگە ناڕازیەكانی ناو جوڵانەوەكەیان گیراوەتەبەر.
لە راگەیەنراوەكەدا كە ناوی چوار ئەندامی فراكسیۆنەكەی لەسەرە هاتووە: ئێمە پێمانوایە راگەیاندنەكەی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووناكی خستووەتە سەر كێشە و بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ململانێ سیاسییەكانی كوردستاندا، رویداوە دەزگا جاسووسییەكان  پەنا بۆ ناوزڕاندن و ئابڕوبردن و درۆ و بوختان دەبەن، بەڵام جێگای داخە خەلكانێك كە خۆیان بە بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆن بزانن، پەنابەرنە بەر تەخوین و ناوزڕاندن و دروستكردنی تۆمەتی ئەخلاقیی بێبنەما بۆ كەسە نزیكەكانی خۆیان.


دەقی راگەیەنراوەكە



راگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە پەرلەمانی كوردستان

لەم بارودۆخەی ئێستادا، بەپێویستی دەزانین چەند خاڵێك بۆ رایگشتیی كوردستان روونبكەینەوە:

یەكەم:  ئێمە پێمانوایە راگەیاندنەكەی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووناكی خستووەتە سەر كێشە و بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

دووەم: ئێمە ھەمووان دڵنیادەكەینەوە فراكسیۆنەكەمان یەكدەست و یەكگرتووە و لە چوار ساڵی داهاتودا، بەردەوامدەبین لە خەباتی پەرلەمانیی و دژی گەندەڵیی و  بێدادیی دەوەستینەوە و وەك ھەمیشە فراكسیۆنێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئازا و بوێر دەبین.

سێیەم: لە ململانێ سیاسییەكانی كوردستاندا، رویداوە دەزگا جاسووسییەكان  پەنا بۆ ناوزڕاندن و ئابڕوبردن و درۆ و بوختان دەبەن، بەڵام جێگای داخە خەلكانێك كە خۆیان بە بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆن بزانن، پەنابەرنە بەر تەخوین و ناوزڕاندن و دروستكردنی تۆمەتی ئەخلاقیی بێبنەما بۆ كەسە نزیكەكانی خۆیان.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان
(شادی نەوزاد، کاوە عەبدولقادر، سیروان بابان، مەم بورهان قانع)
٢٢ی نیسانی ٢٠١٩

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group