لە بەرانبەر بڕیارەكەی ئەمریكا، رەنگە حكومەتی عیراق داوای بەخشینی زیاتر بكات

22/04/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 


ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، رەنگە حكومەتی عیراق داوای بەخشینی زیاتر بكات بۆ راگرتنی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران، ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر حكومەتی عیراق پابەندی بڕیارەكە بێت پێویستە لە هەرێمی كورستانیش بڕیارەكە جێبەجێبكرێت".
د. رێبوار كەریم مەحمود ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ راگرتنی مامەڵەی بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران، پێویستی بەوردبوونەوەی زیاتر هەیەو پێویستە حكومەتی عیراق بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی عیراق بكات و پەرلەمانی عیراقیش لە داهاتوو بۆچوونی خۆی ئاشكرادەكات، بەڵام ئەمە بڕیارێكی چارەنوسسازو گشتییەو پێویستی بەوردبوونەوەی زیاتر هەیە.
باسی لەوەشكرد، لەرۆژانی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆچوونی حكومەتی عیراق وەردەگرین و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و رەنگە كۆبوونەوەی هاوبەشیش لەوبارەیەوە ئەنجامبدرێت و بڕیار لەوبارەیەوە بدرێت.
سەبارەت بەوەی لە ئەگەری پابەندبوونی عیراق بە بڕیارەكەوە تاچەند كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و هەرێم پێوەی پابەند دەكرێت، د. رێبوار كەریم مەحمود ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، هەر بڕیارێك عیراق بگرێتەوە پێویستە هەرێمی كوردستانیش پێوەی پابەندبێت، چونكە ئەو بابەتە پەیوەندی بە رێكخستنی سیاسەتی دەرەوەی عیراق هەیە، بەڵام پێیدەچێت حكومەتی عیراق داوای بەخشین بكات، بەتایبەت كە ئێستا عیراق لە قۆناغی بنیادنانەوەیەو بۆ ئەوەش رەنگە داوای بەخشینی زیاتر بكات لەوبارەیەوە.
پێشتر مایك پۆمپیۆ وەزیر دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، چیتر لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێك دەرناكرێت بۆ بەردەوامبوونیان لە كڕینی نەوتی ئێران و مامەڵەی بازرگانی، تاران بە تەواوەتی لە بازاڕی نەوت دەكرێتە دەرەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group