ئەمریكا: داخستنی گەروی هورمز قبوڵ ناكرێت

23/04/2019 جیهان

نەوا
دوای ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كرد ئەگەر رێگەی پێنەدرێت نەوتی لێوە هەناردە بكرێت، ئیدارەی ئەمریكا وەڵامێكی توندی دەداتەوە و رایگەیاند، هەر جوڵەیەكی ئێرانی بۆ داخستنی ئەو گەروەی ناو دەریا، هیچ بیانویەك هەڵناگرێت و لێی قبوڵ ناكرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكییەوە بڵاویكردوەتەوە، هەر جوڵەیەكی كۆماری ئیسلامی ئیران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، كە 40%ی كەشتیەكانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، هیچ بیانویەكی بۆ نییە و لێی قبوڵ ناكەن.
پێشتر بەرپرسی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە ئەوەی كرد ئەگەر رێگە بەوڵاتەكەی نەدرێت گەرووی هورمز بەكاربهێنێت، ئەوا دایدەخەن.
گەرووی هورمز یەكێك لەگرنگترین رێگە ئاوییەكانی جیهان و زۆرترین كەشتی پێیدا هاتوچۆ دەكات، ئاوی كەنداوی عەرەبی لەلایەك و ئاوی كەنداوی عوممان و دەریای عەرەب و زەریای هادی لەلایەكی ترەوە لەیەك جیادەكاتەوە و تاكە رێچكەی ئاوییە بۆ عیراق و كوێت و بەحرێن و قەتەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group