داعش: ئێمە هێرشەكانی سریلانكامان ئەنجامدا

23/04/2019

نەوا
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكانی سریلانكا راگەیاند، كە تێیدا 321 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 500ی دیكەش برینداربون.
ماڵپەڕی "الاعماق"ی سەربە رێكخراوی داعش بڵاویكردوەتەوە، تەقینەوەكانی سریلانكا لەلایەن چەكدارەكانی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
لەلایەكی دیكەوە میدیاكانی سەر بەو رێكخراوە گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو رۆژە خوێناویە پاداشتی داعشە. هەروەها وێنەی 3 كەس لەخۆكوژەكانی ئەو هێرشانەی بڵاوكردوەتەوە، كە ناویانی بە "ئەبو بەرا، ئەبو عوبەیدە و ئەبو موختار" هێنراوە، كە لەبەردەم ئاڵایەكی رێكخراوەكەدا وەستاون و پەنجەی شایەتومانیان بەرزكردوەتەوە.
پێشتریش روان فیجواردین وەزیری بەرگریی سریلانكا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا وتی "بەپێی لێكۆڵینەوەكان هێرشەكان وەك وەڵامدانەوەی هێرشی سەر دوو مزگەوتەكەی نیوزلەندا ئەنجامدراوە، كە تێیدا 50 نوێژخوێن كوژران و دەیانی دیكەش برینداربون".
رۆژی یەكشەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، چەند تەقینەوەیەك ژمارەیەك كڵێسا و هۆتێلی لە سریلانكا كردە ئامانج و بەهۆیەوە 321 كەس كوژران و زیاتر لە 500ی دیكەش برینداربون، هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتەش 40 كەسیان دەستگیركردوە، كە گومان دەكرێت لەپشت تەقینەوەكانەوە بن و دواترینیشیان پیاوێكی سوری بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group