رادیۆ نەوا بەدواداچون بۆ ئەو گوندانەی سنوری گەرمیان دەكات كە كارەبای نیشتمانییان نییە

23/04/2019

نەوا –لاڤە كوردە 

رادیۆ نەوا بەدواداچون بۆ ئەو گوندانەی سنوری گەرمیان دەكات، كە كارەبای نیشتیمانییان نییە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای گەرمیانیش دەڵێت "پرۆژەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و لای ئەوان وەستاوە".
سیامەند محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای گەرمیان لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی:" 40 گوندی سنوری ئیدارەی گەرمیان بەر قەیرانی دارایی هەرێم كەوتن و نەمانتوانی كارەبای نیشتمانییان پێ بگەیەنین، گرنگیمان پێداوە و دەرخستەمان بۆ كردوە بۆ كۆی ئەو 40 گوندە، كە زیاتر لە چوار ملیار دیناری پێویستە، بۆیە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی كارەبای هەرێم كردوە و ئەوانیش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردوە، بەڵام تائێستا لای ئەنجومەنی وەزیران ماوە".
لە وەڵامی هاووڵاتیەكیشدا، كە رادیۆ نەوا بەدواداچونی بۆ نەبونی كارەبای نیشتمانی لە گوندەكەیان كرد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای گەرمیان وتی "بڕی 81 ملیۆن و 703 هەزار دینار تەرخانكراوە بۆ گەیاندنی كارەبا بە گوندی دەنگە وەرە لە ناحیەی رزگاری، بەڵام پرۆژەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و هەركات بڕیاری لەسەردرا بە زوترین كات دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group