ئەحمەد حاجی رەشید: بەهۆی بڕیاری هەڵە ناتوانین بەدواداچوون بۆ مووچە بكەین

23/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڕیاردانی هەڵە و مەترسی دروستبوونی كێشە ناتوانین بەدواداچوون بۆ مووچەی چوار مانگی ساڵی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت، ئەوەش دەڵێت: "چاوەڕواندەكرێت بەمنزیكانە مووچەی پێشمەرگە رەوانەی هەرێم بكرێت".  
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ بەداواداچوونی مووچەی چوار مانگی ساڵی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێم كە وەزیری دارایی حكومەتی عیراق دەڵێت، رەوانە كراوە، مەترسی ئەوەمان هەیە حەساسیەت دروستبكات و حكومەتی عیراق بڕیاری هەڵە بدات، بۆیە ناتوانین بەدواداچوونی لەوبارەیەوە بكەین.
وتیشی: "پێویستە حكومەتی هەرێم وەك بەرپرسیارێتی خۆی چارەسەری ئەو پرسە بكات و لایەنە سیاسیەكانیش فشار بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە". 
سەبارەت بە ناردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: "بیستومانە بەشێكی مووچەكە رەوانەی هەرێم كراوە، بەڵام د.فوئاد حسێن وتوویەتی، لە داهاتوویەكی نزیكدا مووچەی پێشمەرگە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت".
پێشتر د. فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندبوو، مووچەی 4 مانگی ساڵی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت رەوانەی هەرێمی كوردستانكراوە، بەڵام لەئێستادا تەنها دوو مووچەی ساڵی 2019 دراوەتە فەرمانبەران و بەپێی زانیاریەكانی رادیۆ نەوا باس لەوەدەكرێت مووچەی دوو مانگەكەی دیكە لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 دابەشكراوە، چونكە لەو ساڵەدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لەكۆتایی مانگی 3 بڕیاریدا بەناردنی بڕێك پارەی مووچەی فەرمانبەران، هەروەها بەپێی زانیاریەكانیش ئەوەی ماوەتەوە لە پاشەكەوتی ئەو دوو مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە ساڵی 2018 دابەشكراوە دراوەتە مووچەی وەزارەتێكی دیكە بۆ ساڵی 2019.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group