سلێمانی.. فستیڤاڵی بەهارە كرایەوە

23/04/2019

 

بە بەشداری زیاتر لە (200) كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی فێستیڤاڵی بەهار بۆ بازاڕكردن لە شاری سلێمانی كرایەوە و ماوەی (11) رۆژ بەردەوام دەبێت.
سیروان محەمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند؛ فێستیڤاڵەكە بەهارەیە و لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت و بە بۆنەی نزیكبونەوەی مانگی رەمەزانەوەیە كە تیایدا زیاتر لە (200) كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارییان كردوە و كاڵا و شتومەكەكانیان نمایشكردوە.
وتیشی:"ئامانج لە كردنەوەی فێستیڤاڵەكە بۆ سودمەندبونی هاوڵاتییانە بە تایبەت دانیشتوانی شاری سلێمانی تاوەكو كاڵاكانیان بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ دەست بكەوێت و راستەوخۆ لە كۆمپانیاكانەوە ئەو شتانەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، هەروەها كۆمپانیاكانیش زیاتر لە لای هاوڵاتییان بناسرێن".
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رونیشیكردەوە، بەشێكی ئەو كاڵایانەی لە فێستیڤاڵەكەدا خراونەتە رو، كاڵا و شتومەكی نوێن و كۆمپانیاكان دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بە ھاوڵاتییانی ئاشنا بكەن.
زۆربەی ئەو كاڵایانەی لە لایەن كۆمپانیا بەشداربوەكانەوە لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش كراون لە بواری خواردەمەنییە و كاڵا و كەلوپەلی بیانین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group