حاكم شێخ لەتیف: سزای لە سێدارەدان سزایەكی یاساییەو تەنها لە سلێمانی راگیراوە

23/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 

سەرۆكی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی پسپۆڕی بواری یاسا رایدەگەیەنێت، سزای لەسێدارەدان سزایەكی یاساییەو تا ئێستا لە یاساكانی هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام تەنها لە سلێمانی راگیراوە. 
حاكم شێخ لەتیف مستەفا سەرۆكی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی پسپۆڕی بواری یاسا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، سزای لەسێدارەدان سزایەكی یاساییە تا ئێستا لە یاساكانی هەرێمی كوردستانیشدا سزاكە بوونی هەیە، بەڵام تەنها لە سلێمانی راگیراوە، كە ئەو راگیرانەش هیچ بەڵگەیەكی یاسایی نییە.
وتیشی: "لەبارەی لایەنە باش و خراپەكانی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان دوو بۆچوون هەیە، یەكێك لە بۆچوونەكان پێی وایە، ئامانج لە سزا تۆڵە سەندنەوە نییەو بەڵكو بۆ چاكسازییەو سزای لە سێدارەدانیش بەسزایەكی توندوتیژ ناودەبات، هەروەها ئەو بۆچوونەی لەگەڵ سزای لە سێدارەدانە پێی وایە هەندێك كەس چارەسەر ناكرێن و پێویستە ریشەكێش بكرێن و لەناو كۆمەڵگا دەربهێنرێن". 
لەبارەی ئەو هەڵمەتی واژوو كۆكردنەوەیەی لەسلێمانی دەستی پێكردووە بۆ لە سێدارەدانی ئەو باندەی لە رۆژانی رابردوو بە تاوانی كوشتنی 2 كەس و ئەنجامدانی 40 تاوانی جۆراوجۆر دەستگیركران، كەئایا ئەتوانرێت سزاكە جێبەجێبكرێت، حاكم شێخ لەتیف مستەفا سەرۆكی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی پسپۆڕی بواری یاسا بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، دادگا دەتوانێت سزاكە دەربكات، بەڵام كێشەی جێبەجێكردنەكە هەیە، چونكە لە سلێمانی سزاكە جێبەجێ ناكرێت، بەڵام "بەبێ گوێدانە ئەوەی من لەگەڵ سزای لە سێدارەدانم یان نا"، حەق وایە سزاكان لە عیراق و كوردستان یەك جۆر بێت بۆ تاوانێكی دیاریكراو.
پێشتر حاكم شێخ لەتیف سەرۆكی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردبووەوە، رەوایە خەڵك داوابكەن یان فشار بكەن، بۆئەوەی لە تاوانێكی دیاریكراو سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانباراندا بسەپێنێ، بەڵام نابێ دادگا بكەوێتە ژێر ئەو فشارەوە و بۆ رازیكردنی خەڵك سزاكە بسەپێنێ، بەڵكو دەبێ بەگوێرەی جۆری تاوانەكە و مەترسی تاوانباران ھەریەكەیان بەجیا سزایان بەسەردا بسەپێنێ بەوشێوەیەی ھەریەكەیان شایستەیەتی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group