مەسرور بارزانی: كەشێكی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا هاتۆتەئاراوە

23/04/2019

 

راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ھاوپەیمانیی دژبە داعش رایگەیاند كە كەشی ئەرێنی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی تەواوی پرسە هەڵواسراوەكان.
رۆژی سێشەممە23ی نیسانی 2019، مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ولیام رۆبوك، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ھاوپەیمانیی دژبە داعش كۆبووەوە و باسیان لە رەوشی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ستیڤ فەیگن، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە  هەولێر ئامادە بوو، مەسرور بارزانی، بۆچوونی خۆی لەبارەی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە هەندێ ناوچەی عیراق رونكردەوە و جەختی لە بایەخی چارەسەركردنی رەوشی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند "پێویستە هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بڕەخسێندرێت".
مەسرور بارزانی باسی هاتنە ئارای كەشێكی ئەرێنی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و روونی كردەوە، ئەم كەشە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی تەواوی پرسە هەڵواسراوەكان، كە كاریگەریان بەسەر سەقامگیری دەبێت.
لە بەرامبەردا جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ھاوپەیمانیی دژبە داعش، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان هێزە پەیوەندیدارەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان دووبارە كردەوە و رایگەیاند "پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگییانە بۆ  رێگریكردن لە پەرەسەندنی جموجۆڵەكانی تیرۆریستان لە عێراقدا پێویستە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group