"دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكرێتەوە، كورد لە كارەساتێك رزگاری دەبێت"

23/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


چاودێری سیاسی پێی وایە لەئێستادا كەباسی چاكسازی دەكرێت لە هەموو كات زیاتر گەندەڵی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان و ئەوەش دەڵێت: "چەند بەخێرایی دۆسیەی نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكرێتەوە، كورد زوتر لەكارەساتێكی گەورە رزگاری دەبێت".   مەسعود عەبدولخالق نوسەرو چاودێری سیاسی و سەرۆكی دەزگای ستاندەر بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكرێت حكومەتێكی پڕ ئومێد پێكبهێنرێت، زۆر باسی مووچە دەكرا، ئەوە مووچەش درا، "ئەی پیشەسازی و بازرگانی و خزمەتگوزارییەكانی دیكە". ئەوەشی وت: "حكومەتی عیراق تارادەیەك شكستی هێناوە بەڵام زۆر لە حكومەتی هەرێم باشترە".
باسی لەوەشكرد، رێككنەكەوتنی لایەنەكان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەسەر پرسە نەتەوەییەكان نییە، بەڵكو لەسەر پرسی دابەشكردنی بەرژوەندییەكانەو بۆ ئەوەش كاتیان زۆرتر دەوێت و چونكە قەیرانی زۆر گەورە بەڕێوەیە بەتایبەت دۆسیەی نەوت كە پێم وایە "نەوت سەری كوردستان دەخوات لەنێوان دەوڵەتە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەرژوەندییەكانیان لێرەیە". 
مەسعود عەبدولخالق وتیشی: "چەند بەخێرایی مەلەفی نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكرێتەوە كورد زوتر لەكارەساتێكی گەورە رزگاری دەبێت".   
مەسعود عەبدولخالق نوسەرو چاودێری سیاسی و سەرۆكی دەزگای ستاندەر باسی لە چاكسازیكرد لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و بۆ رادیۆ نەوا وتی: "بەوردی تێبینیم كردووە هەركات  باسی چاكسازی كرابێت لە هەرێم قەبارەی گەندەڵی زۆر زیادیكردووە، یاخود كە لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ پرسی چاكسازی خودی لیژنەكەش بەشێك بووە لە بەرجەستەی گەندەڵی، بۆیە پێم وایە لەئێستادا كەباسی چاكسازی دەكرێت لە هەموو كات زیاتر گەندەڵی دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر مووچە لە بەغداوە بێت و هاوكاری لە ئەمریكاوە بێتە هەرێم، تەنانەت مووچەكەش نادرێت؟ وتیشی: "باس لە قەرزارییەكی زۆر دەكرێت لە سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر 10ساڵی كە ئەم حكومەتە ئاوا بەردەوامبێت هەموو خاكی كوردستان دەبێتە قەرز بۆ وڵاتانی جیهان".    

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group