پۆلیسی سلێمانی لەسەر تۆماركردنی ڤیدیۆ و وێنەگرتنی هاووڵاتیان هاتە دەنگ

24/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


پۆلیسی سلێمانی لەسەر تۆماركردنی ڤیدیۆ و وێنەگرتنی هاووڵاتیان لە شوێنە گشتییەكان لە رێگەی كامێرای چاودێریكردن هاتە دەنگ و بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، رێوشوێنی یاسایی لەگەڵ خاوەنی كامێراكە دەگیرێتەبەر.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هەركامێرایەكی چاودێری خراپ بەكاربهێنرێت واتە بۆ چاودێری ماڵێك یاخود بۆ چاودێریكردنی كەسێك، دەتوانرێت سكاڵای لەدژی خاوەن كامێراكە تۆمار بكرێت، خاوەنی كامێراكە كە خراپ بەكاریهێناوە رێوشوێنی یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بەبڵاوكردنەوەی هەندێك وێنە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوەو بەبێ ئاگادار كردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان،  نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە رادیۆ نەوا وتی: "لە یاسای ژمارە شەش بڕگەی دووەم تێێدا هاتووە، هەركەسێك وێنەی نە جوڵاو یاخود وێنەی جوڵاو (ڤیدیۆ) بڵاوبكاتەوە لەسەر كەسێكی دیكە بەبێ  رەزامەندی خۆی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەكرێت و سزای یاسایی هەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group