"پارەی پترۆ دۆلار لە بانكی كوردستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك"

24/04/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: "ئەو پارەیەی كەركوك كە وەك پارەی پترۆ دۆلار لەسەر داوای رێبوار تاڵەبانی راگیرابوو گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگاكەو لە ئێستادا خراوەتە سەر بودجەی كەركوك".
ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە رادیۆ نەوای راگەیاند، كاتی خۆی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی كەركوكی دەفرۆشت بڕیاربوو بڕێك پارە وەكو پترۆ دۆلار بدات بە كەركوك، بەڵام ئەو پارەیە هەمووی خەرج نەكرابوو بڕێك لەپارەكە لە بانكی كوردستان مابووەو كاتێك هەوڵدرا بۆ گێرانەوەی پارەكە لەسەر داوایەكی "رێبوار تاڵەبانی" لە دادگا ئەو پارەیە راگیرا.
وتیشی: "دواتر كەركوك دادگاییەكەی لەبەرانبەر داواكارییەكەی رێبوار تاڵەبانی لە بەرژوەندی خۆی كۆتایی پێهێنا، جارێكی دیكە ئەو پارەیە گەڕایەوە بۆ پارێزگاكە".
سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راشیگەیاند، "بڕی پارەكە 51 ملیۆن دۆلارەو ئێستا وەكو پارەی پترۆ دۆلار گەڕاوەتەوە ناوبودجەی كەركوك".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group