"پێشبینی دەكرێت عیراق ببێتە سێیەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لەجیهاندا"

25/04/2019 عێراق
نەوا
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات تا ساڵی 2030 عیراق ببێتە سێیەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لەجیهاندا.
ماڵپەڕی "بلومبێرگ" بڵاویكردوەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی عیراق لەنێو وڵاتە گەورە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت پێگەی خۆی بەهێزتر دەكات و دەبێتە سێیەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لەجیهاندا و پێشڕەوی گەشەی رێكخراوی ئۆپێك دەكات.
هەروەها پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2030 عیراق بڕی بەرهەمهێنانی نەوت 30% زیاد بكات و بەوەش پێش كەنەدا دەكەوێت، كە ئێستا چوارەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە لە جیهاندا، هەروەها بەرهەمی نەوت زیاد دەكات و دەیگەیەنێتە 6 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێیوایە، زیادبوونی بەرهەمی نەوتی عیراق قەرەبوی زیانەكانی كەمبونەوەی نەوتی ئێران و ڤێنزوێلا دەكات، ئەوەش سەرەڕای زیانەكانی نەوتی لیبیا، كە ئێستا ئەو وڵاتە لەبارودۆخێكی شپرزەدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group