ڤلادیمیر پوتین: سەركردەی كۆریای باكوور لە سەرجەم بوارەكان بە تەواوی شەفافە

25/04/2019 جیهان
نەوا
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا، رایگەیاند كە بۆ پاراستنی سەروەری كۆریای باكوور پێویست بە گەرەنتی ئەمنی دەكات. 
ڤلادیمیر پوتین لە دوای گفتوگۆكردنی لەگەڵ كیم جۆنگ-ئون سەركردەی كۆریای باكوور، ئاماژەی بەوەدا، زۆر خۆشحاڵە بە دیدارەكەی لەگەڵ سەركردەی كۆریای باكوور و راشیگەیاند كە سەركردەی كۆریای باكوور لە سەرجەم بوارەكان بە تەواوی شەفافە بۆ دانوستانەكان.
ڤلادیمیر پوتین ئاشكراشیكرد كە بەوردی تاوتوێی پەیوەندییەكی ئەمریكا و كۆریای باكوور و پاككردنەوەی نیمچە دوورگەی كۆریا لە چەكی ئەتۆمیی كردووە.
سەرۆكی رووسیا ئاماژەی بەوەشدا كە بەدەستهێنانەوەی ھێزی یاسای نێودەوڵەتی زۆر گرنگە و پێویستە دۆخی جیهان بەپێی یاساكانی نێودەوڵەتی دیاری بكرێت.
پوتین راشیگەیاند كە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبێتە یەكەمین ھەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشە سەختەكانی جیهان و وتی: "كۆریای باكوور، بۆ پاراستنی سەروەری خۆی پێویستی بە گەرەنتی ئەمنی ھەیە". 
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەگەر لایەنەكانی بەشدار لە دانوستانەكانی دۆسیەی كۆریای باكوور، بە شێوەیەكی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لێك نزیكببنەوە، ئەوا دۆسیەی ئەتۆمیی كۆریای باكوور لەخۆیەوە چارەسەر دەبێت.
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوەشدا لە سەردانەكەیدا بۆ چین باس لە ناوەڕۆكی دیدارەكەی لەگەڵ كیم جۆنگ-ئون بۆ بەرپرسانی ئەمریكا دەكات و وتیشی: "ھەڵوێستی رووسیا ھەمیشە ئاشكرایە. ھیچ شتێكی شاراوە نییە".
تەنانەت خودی كیم-یش داوای لێكردم ئەوە بۆ لایەنی ئەمریكی باس بكەم كە لەبارەی پرۆسەی كۆریاوە گەیشتووینەتە چ ئەنجامێك. ئەمانە لەگەڵ ئەمریكی و چینییەكان تاوتوێ دەكەین".
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی رووسیا، ئاماژەی بەوە دا كە لە بابەتی داماڵینی چەكی ئەتۆمیی بەرژەوەندییەكانی رووسیا لەگەڵ ئەمریكا یەك دەگرێتەوە و وتی: "ئێمە لەگەڵ داماڵینی چەكی ئەتۆمیداین بە تەواوی و دژبە بڵاوبوونەوەی چەكی شیفرەدارین".
ڤلادیمیر پوتین سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە دەبێت دڵنیایی نێودەوڵەتی ئەمنی بە كۆریای باكوور بدرێت و وتی: "ئەگەر دڵنیاییدانەكە تەنھا لەلایەن ئەمریكا و كۆریای باشووری ھاوسێیەوە درا ئەوا باشە. ئەگەر ئەوە بەس نەبێت پێموایە بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەگەر زۆر بمانەوێ ئەوكاتە بۆ پێشخستنی سیستەمی دڵنیاییدانی ئەمنی نێودەوڵەتی پێویست دەكات دانوستانی شەش لایەنە ئەنجام بدرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group