سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم یەكدەخرێت

26/04/2019

 

بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند كە سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم یەكدەخرێت و لە سەرجەم شارەكان بەیەك شێواز مۆڵەتی شۆفێری دەدرێت بە هاوڵاتیان.
لیوا رزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی‌ كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە: "بڕیاردراوە سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم یەك بخرێت و لەسەرجەم شارەكان بە یەك شێواز مۆڵەتی شۆفێری بدرێت بە هاووڵاتیان".
وتیشی‌: " هێشتا ئەو سیستمە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە پێویستی بە دابینكردنی پارچە زەوییەكی بەرفراوان هەیە لەگەڵ ئەو پێداویستیانەی بۆ تاقیكردنەوەی پراكتیكی بەكاردێن".
لیوا رزگار عەلی ئاماژەشی‌ بەوەدا كە "لە ئێستادا سیستمی پێدانی مۆڵەت لە هەولێر جیاوازترە لە شارەكانی تر، بەڵام لە رووی تیۆرییەوە هەموو شارەكان وەكو یەك تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن".
بڕیاریشە یەكشەممەی داهاتوو لیژنەی رێكخستنەوەی سیستمی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێم كۆببێتەوە و بۆ وتووێژكردن لەسەر ئەو پرسە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group