ئاگر لە بازاڕی مێژوویی تەورێزی ئێران كەوتەوە

09/05/2019 جیهان

نەوا
لە ئاكامی كەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی مێژوویی تەورێز لە ئێران، 29 كەس برینداربون و زیاتر لە 100 فرۆشگاش زیانیان بەركەوت.
لەوبارەیەوە فەرزاد رەحمانی سەرۆكی هاوكاری خێرای زانكۆی پزیشكی تەورێز بە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێرانی راگەیاندوە، لە ئاكامی ئەو ئاگرەی شەوی رابردوو لە بازاڕی مێژوویی تەورێز كەوتەوە، 29 كەس برینداربون، كە 19یان كارمەندی ئاگركوژێنەوەن.
هاوكات بەرپرسانی فەرمانگەی ئاگركوژێنەوەی ئازەربایجانی خۆرهەڵات رایانگەیاند، بەپێی زانیارییە بەراییەكان ئاگرەكە لەو فرۆشگایانە كەوتۆتەوە، كە كەلوپەلی ئارایشتگا و سەرتاشخانەیان تیادا فرۆشراوە و دواتر فراوان بوە.
دروستكردنی بازاڕی مێژوویی تەورێز نزیكەی بۆ 10 سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە گەورەترین بازاڕی داخراو (قەیسەری)ی جیهان ناسراوە و ناوی لە لیستی میراتی جیهانی یونسكۆدایە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group