مەولود چاوش ئۆغڵو: تا ئێستا باس لە دواخستن یان وەستاندنی S-400 نەكراوە

15/05/2019 جیهان
مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا

نەوا
مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، دەربارەی كڕینی سیستمی S-400 تائێستا باس لە دواخستن یان وەستاندنی نەكراوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا كاتی ئەوە نییە قسە لەسەر دواخستن بكەین، ئەو لیژنەیە كۆدەبێتەوە و كار دەكات و راپۆرتەكەی ئامادە دەكات، پاشان ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین، بەو پێشمەرجانە ناگەینە هیچ ئەنجامێك.
وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا داوایكردووە گرووپێكی كاری هاوبەش لەگەڵ توركیا پێكبهێنرێت لەسەر دەنگۆی دروستكردنی هەڕەشە لە فڕۆكەی جەنگی F-35 و سیستەمەكانی ناتۆ لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی S-400ەوەو وتی: ''ئێمە وتوومانە دەبێت ناتۆش لەنێو ئەم كۆمیسیۆنەدا بێت.
چاوش ئۆغڵو راشیگەیاند لەگەڵ لایەنی ئەمریكی باسیان لە دروستكردنی ئەم كۆمیسیۆنە و ئامانجەكانی كردووە و  بیروڕایان ئاڵوگۆر كردووەو وتیشی: "لەم قۆناغەدان واتە تا ئێستا هیچ پرسێك پەیوەست بەدواخستن و وەستاندنی بوونی نییە''.
وەزیری دەرەوەی توركیا بە پێویستی زانی پسپۆڕان بڕیار لەوە بدەن كە ئەو دەنگۆ و نیگەرانییانەی ئەمریكا خستوونیەتەڕوو تاچەند لەجێی خۆیدان و وتی: "ئەوان لەمبارەیەوە متمانەیان بەخۆیانە، بۆیە داواكارییەكی بونیاتنەرانەیان پێشكەشكردووە، هاوكات ئەگەر ئەمریكاش متمانەی بەخۆیەتی وەك پێشتر وتوویانە پێویستە بەو پێشنیازەی توركیا رازی بێت".
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە داواكاری وڵاتەكەی بونیاتنەر و نیاز پاكانەیە و ئەگەر ئەمریكاش نیاز پاك بێت ئەوا ئەو داواكارییەیان قبوڵ دەكات و پسپۆڕانیش ئەوە هەڵدەسەنگێنن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group