65 پەرلەمانتار داوادەكەن دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوازرێتەوە بۆ بەغدا

20/05/2019 عێراق

65 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی ناو پەرلەمانی عیراق داوادەكەن دۆسیەی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دادگاكانی هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ دادگاكانی عیراق.
لە ڕاگەیەندراوێكدا  65 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكانی ناو پەرلەمانی عیراق، داوایان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق كردووە، ئەو داوایەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید و ژمارەیەك لە ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماركراوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بگوێزرێتەوە بۆ دادگاكانی بەغدا.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەو پەرلەمانتارانە هۆكاری داواكەیان گەڕاندوەتەوە بۆئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای سیاسی نەك یاسایی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا دەكات.
هاوكات رۆژی دووشەممە هاوپەیمانی ئیسڵاح لە پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە كەیسی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، داوایكردووە رێزی تەواو بگیرێت لە رێوشوێنەكانی دادگەریی و دادپەروەریی و نەزاهەت.
هاوپەیمانێتییەكە جەختیكردوەتەوە لە دورخستنەوەی دۆسیەكە لە هەر دەستوەردانێكی سیاسی بەهۆی هەڵوێستەكانی شاسوار عەبدولواحیدەوە تایبەت بە هەندێك لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group