وەفدێكی باڵای گەشتوگوزاری سنە سەردانی سلێمانی كرد

20/05/2019
وەفدى بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزار و شوێنەواری سنە لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 
وەفدێك بە نوێنەرایەتی بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزار و شوێنەواری سنە لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی كۆبونەوە بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی كاری هاوبەشی گەشتوگوزاری نێوان هەردوو شار.
لەوبارەیەوە علی رەووف، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران دوەمین سەرچاوەی گەشتیاریە بۆ سلێمانی و پاش هەڵگرتنی ڤیزا و باجی نێوانمان رێژەیەكی بەرچاو لە گەشتیاران هاتوچۆیان ئەنجامداوە و لەهەوڵداین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیاریەكان بۆ كارئاسانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ گەشتیاران. 
وتیشی، بۆ ساڵی 2019 گەشبینین كە هاتوچۆ لەنێوان ئەم دوو شارەدا زیاد بكات چونكە ئێستا ئاسانكاری زیاترە و بە ئومێدین بتوانین پرۆژەی گەورەتر ئەنجام بدەین. 
لای خۆشیەوە، سەید موحسین عەلەوی، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزار و شوێنەواری شاری سنە لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا وتی، ئێستا ئێران پارەكەی زۆر دابەزیوە لەچاو دیناری عێراقی و وڵاتی ئێران جێگای گەشتیاری خێزانیە و ژمارەیەك لە پرۆژەی كەلتوریمان بەدەستەوەیە و لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبوینەوە و پێیان باش بوو زیاتر كاری پێكەوەیی هەبێت و بە لابردنی باج لە هاتنی گەشتیاری ئێران بۆ كوردستان زیاتر بوە و ئەمەش سودێكی گەورە بە هەردوولا دەگەیەنێت 
ئەوەی جێی باسە هاتنی گەشتیارانی ئێران لە ماوەی 3 ساڵی رابردوو بۆ پارێزگای سلێمانی  بریتیەلە 943 هەزار و 856 گەشتیار و هەروەها رۆشتنی گەشتیار تەنها لە پارێزگای سلێمانیەوە بۆ ئێران بریتیە لە یەك ملیۆن و 639 هەزار و 354 كەس. 
تەنها لە ماوەی 5 مانگی ئەمساڵدا  172 هەزار و 182 گەشتیار هاتون بۆ پارێزگای سلێمانی و رێژەی گەشت كردن بۆ ئێران دەگاتە 132 هەزار و 939  كەس.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group