مەحما خەلیل: رۆژانە دۆخی ئەمنی شنگال خراپتر دەبێت

20/05/2019 عێراق
مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شنگال

نەوا-كاروان مەحمود 
قائیمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، رۆژانە دۆخی ئەمنی شنگال خراپتر دەبێت و خێزانە ئاوارەكانیش لە ناو كەمپەكاندا لە ژیانێكی خراپدان و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شنگال بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دۆخی شنگال خراپەو رۆژانەش خراپتر دەبێت، ئەو هێزانەی ئێستا لەوێ ئەمنییەتی قەزاكەیان بەدەستە ناتوانن كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەوهۆیەوە هاووڵاتیانیش ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و لەناو كەمپەكان ژیانێكی خراپ بەڕێدەكەن و ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.
وتیشی: "حەشدی شەعبی سیستمەمی سیاسی لە قەزاكە تێكداوەو دۆخەكەش رۆژانە خراپتر دەبێت و ئەوەندەی بیریان لەكاری بازرگانییە لە قەزاكە هێندە لەخەمی پاراستنی ئەمنییەتی شنگال نین".
سەبارەت بەچارەسەركردنی دۆخی شنگال ئاشكرایكرد، گرنگە لەئێستا ئەمنییەتی قەزای شنگال بدرێتەوە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵی تەنها بەو شێوازە دەتوانرێت ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوەو ئاوارە ئێزیدیەكانیش بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group