بەرپرسێكی پارتی: دۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان مەترسیدارە

20/05/2019
دۆخی كەركوك ناجێگیرە

نەوا - كاروان مەحمود
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی رایدەگەیەنێت، دۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان مەترسی لەسەرەو ئەگەر چارەسەری نەكرێت پێیدەچێت روداوی خراپتر روبدات، بۆ ئەوەش داوای گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو جێبەجێكردنی مادەی 140 دەستور دەكرێت.
دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دەبوو لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەموو لایەنەكان لە بەرانبەر ئەو دۆخەی بەسەر ناوچە كوردستانییەكان هێنرا دەبوو ناوچە كوردستانیەكانیان جێبهێشتا، لە ئێستاشدا دۆخی ئەو ناوچانە بەجۆرێك تێكچووە كە مەترسی روداوی خراپتری لێدەكرێت و پێویستە هەرچی زووە حكومەتی عیراق هەوڵی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق بدات.
باسی لەوەشكرد، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنی بەرپرسامان ئاگادار كردووەتەوە لەگەڵ حكومەتی عیراق گفتوگۆی جدی بكەن و هەوڵی بەپەلە بدرێت بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، چونكە لەئێستادا گەنم و بەرهەمی جوتیارانی كورد دەسوتێنرێت و هەڕەشەی تەعریب لەوناوچانە دەكرێت، هەروەها بە پیلانێك هەوڵی چەكداركردنی كەسانی عەشائیر و گوندەكان دەدرێت. 
سەبارەت بەوەی دەوترێت مەترسی تەقینەوەی دۆخەكە هەیە بەجۆرێك هاووڵاتیان بەچەك بڕژێنە سەرشەقامەكان و روبەڕووی ئەو زۆردارییە ببنەوە كە بەرانبەریان دەكرێت بەتایبەت خێزانە كوردەكان، هەروەها چارەسەری پێویست و بەپەلە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا چییە؟،  دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، "بە بۆچوونی من نەگەیشتووەتە ئەوەی هاووڵاتیان بەچەكەوە برژێنە سەرشەقامەكان چونكە ئەوە دەبێتە مەترسییەكی دیكە بۆ ئەو ناوچانە بەڵام دۆخەكە بۆ هاووڵاتیانی كورد رۆژانە خراپتر دەبێت، گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەش یەكێكە لە چارەسەر بەپەلەكان بۆ رێگریكردن لە تەعریب و زۆرداری دژی هەر نەتەوەیەك بكرێت لەوناوچانە ".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group