كێ و كێ دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدات؟

21/05/2019 نەوا

نەوا
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر ئەو پێنج كاندیدە بدات كە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید كردووە، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش جەختدەكاتەوە، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی حزبەكەیان 91 دەنگ بەدەستدەهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بە دەنگدانی ئاشكرا پۆستی سەرۆكی هەرێم یەكلایی بكاتەوە و پاش نزیكەی ساڵ و نیوێك هەرێم دەبێتەوە بە خاوەنی سەرۆك.
بڕیارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش، كاندید بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رابسپێردرێت، كە لە میانی 30 رۆژدا دەبێت كابینەكەی بخاتە بەردەستی پەرلەمان بۆ پەسندكردنی.

بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە ماوەی سێ رۆژ لە یەكلاییكردنەوەی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی هەرێم بەدەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێرێت كە پێویستی بەدەنگی زۆرینەی رەهایە ئەویش 75 دەنگە.
لەوبارەیەوە گوڵستان نهێلی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "پێشبینی دەكەین تا 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە كۆی دەنگی 111 پەرلەمانتار پێشبینی دەكەین 91 دەنگ بەدەستبهێنێت".
وتیشی "جگە لە فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گۆڕان، پێكهاتەكانی كریستیان و توركمان، پێشبینی دەكەین سوسیالیست و لیستی حزبی شیوعیش دەنگی پێ بدەن و بەوپێیە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت 91 دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەو سێ لایەنەی یەكەم رێككەوتنی سیاسییان لەنێواندایە، ئەوانی دیكەش دەنگی پێ دەدەن".
گوڵستان نهێلی باس لەوەدەكات، دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كاندید بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم رادەسپێردرێت و لەماوەی 30 رۆژدا ئەو كابینەیە پێكدەهێنرێت، بەڵام ئەگەریشی هەیە ئەو كارە زیاتری بوێت، ئەمە دیار نییە، چونكە هەندێكجار بەربەست هەن و هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان تەواو یەكلایی نابنەوە، بەڵام گەشبینین لەو 30 رۆژەدا كابینەی نۆیەم پێكبهێنرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دەبێت بیر لەوە بكەینەوە لایەنی دیكەش هەیە و پێویستە هەمووان هەوڵبدەن بەزووترین كات كابینەكە دروست بكرێت".

رۆژی 8ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەی "پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عیراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور"ی یەكلاكردەوە و دەنگی لەسەردا و پاشان بوو بە یەكەم یاسا، كە لەمساڵدا و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێت، یاساكە پەیوەستە بە كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەی لە 2017وە لەلایەن پەرلەمانەوە سڕكرا و كارەكانی هەڵپەسێردرا.

دوای چوار رۆژ و بەدیاریكراوی لە 12ی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كردەوە و سێ رۆژ دیاریكرابوو، كە حەوت كەس خۆیان كاندیدكرد و پێنج-یان پەسەندكران و دووانیشیان لابران، لەنێو كاندیدەكاندا بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەیە.

لەم نێوەندەدا جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان وتی "دیارە بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2019ی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا نوسینەوەی دەستو،ر دوای ئەوەی ناوی كاندیدان راگەیەندران كە پێنج كەسن، دوو رۆژ هەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی سی ڤی-یان پێشكەشكردوە تا تانە لە نەهاتنەوەی ناوەكانیان بدەن، دواتر سێ رۆژ لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتیدا هەیە بۆئەوەی كات دیاری بكات بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان و پاشان سەرۆك بە دەنگدانی ئاشكرا بەپێی یاسا هەڵدەبژێردرێت".
ئەو دەشڵێت "نێچیرڤان بارزانی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، جگە لەوەش رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵ لایەنی دیكەی دەرەوەی حزبەكەش هەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین نێچیرڤان بارزانی دەنگی پێبدرێت و ببێت بە سەرۆكی هەرێم".

پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلولی ساڵی پاردا توانی 45 كورسی لە كۆی 111 كورسی بەدەستبهێنێت و ببێت بەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، كاندیدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دیاریكردووە ئەویش مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم-ە، بەپێی رێككەوتنی سێ لایەنە سەرەكییەكەی كابینەی نۆیەم كە پارتی، یەكێتی، گۆڕان-ن دەنگی ئەندامانی ئەو سێ لایەنە بۆ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، مەسعود بارزانی لە ساڵی 2005دا بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا و بەوپێیە نێچیرڤان بارزانی ئەگەر هەڵبژێردرا ئەوا دەبێتە دووەم سەرۆكی هەرێم لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group