نه‌وا
تا دێت رێژه‌ی سه‌رتاشخانه و ئارایشگاكانی ژنان به‌رزده‌بێته‌وه و له ئێستاشدا له شاری هه‌ولێر 950 سه‌رتاشخانه و 848 ئارایشگای ژنان و 35 شوێنی مه‌ساجكردن هه‌یه و لیژنه‌كانی ته‌ندروستیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن به‌رده‌وام پشكنین بۆ ئه‌و شوێنانه ئه‌نجام ده‌درێت.
له‌وباره‌یه‌وه سامی نه‌جمه‌دین سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی خۆراك له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به شێوازی پێدانی مۆڵه‌ت به سه‌رتاشخانه و ئارایشگاكانی ژنان، ده‌ڵێت "رێنماییه‌كان به‌جۆرێكن بۆ پێدانی مۆڵه‌ت به‌و شوێنانه بریتیین له پشكنین بۆ شوێنه‌كه كه نابێت له 16 مه‌تر چوارگۆشه كه‌متر بێت، له رووی پاك و خاوێنی ژینگه و كه‌لوپه‌له‌كان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، كرێكاره‌كان به هه‌مانشێوه پشكنینی ته‌ندروستییان بۆ ده‌كرێت وه‌كو جۆره‌كانی ئایدز، سفلس و ڤایرۆسی جگه‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان بێ كێشه بوون، ئه‌وا مۆڵه‌تییان پێ ده‌درێت".
وتیشی "بابه‌تی تاتۆكردنی برۆ و لێو، رێنمایی تایبه‌تی هه‌یه كه له سه‌رتاشخانه‌كانی پیاوان ناكرێت و ئه‌گه‌ریش له ئارایشگاكان بكرێت ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه بڕوانامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه پشتڕاست كرابێته‌وه و ئینجا ئه‌و كه‌سه ده‌توانێت كار بكات، به هه‌مانشێوه بابه‌تی فیله‌ر و بۆتاكس ده‌بێت له سه‌نته‌ره‌كانی جوانكاری بكرێت و مۆڵه‌تیش له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ربگرن".
سه‌باره‌ت به ئاماره‌كانی سه‌رتاشخانه‌ی پیاوان و ئارایشگاكانی ژنان له هه‌ولێر، سامی نه‌جمه‌دین سه‌عید ده‌ڵێت: "له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێردا 950 سه‌رتاشخانه‌ی پیاوان و، 848 ئارایشگای ژنان هه‌یه و له ماوه‌ی چوار مانگی رابردووش‌دا دوو ئارایشگای ژنان و دوو سه‌رتاشخانه‌ی پیاوان به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی، داخراون، هاوكات ساڵی رابردووش 10 شوێن به‌هۆی سه‌رپێچیكردنه‌وه داخراون و 10 شوێنی دیكه‌ش به بڕی جیاواز سزای مادی دراون".
له‌باره‌ی چاودێریكردن و سزادانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه سه‌رپێچی رێنماییه‌كان ده‌كه‌ن، سامی نه‌جمه‌دین سه‌عید وتی :"چاودێری كه‌لوپه‌لی سه‌رتاشخانه و ئارایشگاكان ده‌كه‌ین، پێویسته كرێكار جلوبه‌رگی تایبه‌ت بپۆشێت و له حاڵه‌تی هه‌بوونی لادان له رێنماییه‌كاندا، ئه‌وا له جاری یه‌كه‌م ئاگاداری ده‌كه‌ینه‌وه و جاری دووه‌م سزای ده‌ده‌ین كه ئه‌ویش دوو جۆره حاڵه‌ت هه‌یه، یان تا بڕی 500 هه‌زار دینار ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه شوێنه‌كه سزا بده‌ین، یان شوێنه‌كه داده‌خه‌ین".
له پاڵ سه‌رتاشخانه و ئارایشگاكان، چه‌ند شوێنێكی دیكه هه‌یه كه تایبه‌ته به مه‌ساجكردن كه له به‌شێك له هۆتێل و سه‌نته‌ره‌كانی سپا ئه‌نجام ده‌درێت و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری پاراستنی ته‌ندروستی هه‌ولێر و سه‌رۆكی لیژنه‌ی شوێنه‌كانی مه‌ساج ئاماژه به‌وه ده‌كات كه 35 شوێنی مه‌ساج له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر هه‌یه و له‌م شوێنانه‌ش كرێكاری چه‌ند وڵاتێكی دیاریكراو كاری تێدا ده‌كه‌ن و هه‌ر سێ مانگ جارێكێش پشكنینی ته‌ندروستی بۆ كرێكاره‌كان ئه‌نجام ده‌درێت.
جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری پاراستنی ته‌ندروستی هه‌ولێر و سه‌رۆكی لیژنه‌ی شوێنه‌كانی مه‌ساج، له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی "شوێنی مه‌ساجه‌كان دوو جۆرن، یه‌كه‌مییان له هۆتێله‌كانی چوار ئه‌ستێره و پێنج ئه‌ستێره ئه‌نجام ده‌درێن، دووه‌میشیان له سه‌نته‌ره‌كانی سپا، ئه‌وانه‌ش رێنمایی تایبه‌تییان هه‌یه بۆ پێدانی مۆڵه‌تی كاركردن، چونكه سه‌نته‌ره‌كانی سپا پێویسته رووبه‌ره‌كه‌ی 300 مه‌تر چوارگۆشه كه‌متر نه‌بێت و مه‌له‌وانگه و هۆڵی وه‌رزشی و ساونا و گه‌رماوی هه‌ڵمیی تێدابێت".
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی شێوازی ژووره‌كانی مه‌ساجیش، جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین وتی: "ژووره‌كانی مه‌ساج رێنمایی تایبه‌تی هه‌یه، پێویسته سه‌ریری تایبه‌ت هه‌بێت و رووناكی ژووره‌كانی ده‌بێت سپی بێت و تینی هه‌بێت و رووناكی ره‌نگاوڕه‌نگ رێگاپێنه‌دراوه و، ده‌بێت ده‌رگاكانی ژووری مه‌ساج قوفڵی نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو حاڵه‌تێكدا بتواندرێت بچیته ژووره‌وه، به‌ڵام له هۆتێله‌كان مه‌رج نییه هۆڵی وه‌رزشی و مه‌له‌وانگه‌ی هه‌بێت".
له‌باره‌ی ئاماری سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج له شاری هه‌ولێر، جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین وتی "له‌ئێستادا نزیكه‌ی 35 شوێنی مه‌ساجكردن هه‌یه، كه 14 شوێنیان له سه‌نته‌ره‌كانی سپا و 20 شوێنیش له هۆتێله‌كانن".
به وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی شوێنه‌كانی مه‌ساج، ته‌نیا كرێكارانی 10 وڵات رێگاپێدراون له هه‌رێمی كوردستان كاری مه‌ساجكردن بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین وتی: "كاركردنی كرێكاره‌كانی مه‌ساج چه‌ند مه‌رجێكیان هه‌یه و ته‌نیا كارمه‌ندی 10 وڵات رێگاپێدراون كه كاری مه‌ساج ئه‌نجام بده‌ن، له‌وانه وڵاتانی چین، تایله‌ند، تایوان، ئه‌لبانیا، مالیزیا، ئه‌ندنووسیا، فلیپین، كۆریای باشوور، ژاپۆن و عیراق، كه ئه‌وانه‌ش پێویسته له وڵاتی خۆیان خاوه‌ن بڕوانامه‌بن و له باڵیۆزخانه‌ی عیراق له وڵاته‌كانییان، كاروباره‌كانییان ده‌ست پێبكه‌ن و لێره‌ش رێكاره یاساییه‌كان تێپه‌ڕێنن بۆ ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌كه‌یان په‌سه‌ند بكرێت و دوای ئه‌وه‌ش پشكنینیان بۆ ده‌كه‌ین و دوای ئه‌نجامه‌كه‌ش كارتی ته‌ندروستییان بۆ ده‌كه‌ین و هه‌ر سێ مانگ جارێك پشكنینیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه".
له‌باره‌ی ژماره‌ی كرێكاره‌كان كه له‌و شوێنانه كاری مه‌ساجكردن ده‌كه‌ن، جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین وتی: "كرێكاره‌كان ژماره‌یان 60 كه‌سه و زیاترینیشیان هاووڵاتیانی چین و تایله‌ندن".
ناوبراو وتیشی "ساڵی رابردوو كۆمه‌ڵێك شوێن داواكارییان هه‌بووه بۆ مۆڵه‌تپێدان كه ژماره‌یان 8 داواكاری بووه و له‌و ژماره‌یه‌ش دوو شوێن مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه و شه‌شیان مۆڵه‌تیان پێنه‌دراوه چونكه مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كانییان جێبه‌جێ نه‌كردووه".
له‌باره‌ی هه‌بوونی نه‌خۆشی و ڤایرۆسی ترسناك له‌میانی پشكنین بۆ كرێكاره‌كاندا، جه‌مال ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین وتی: "كرێكار هه‌بووه ناردوومانه بۆ پشكنین و ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ بووه و، نشینگه‌مان لێ ئاگاداركردووه‌ته‌وه و، دواتر ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی كراوه‌ته‌وه".