بڕێكی زۆر سێو لە سلێمانی لەناودەبرێت

23/05/2019

نەوا
بە هۆی خراپبون و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێكی زۆر سێوی زەرد لەناودەبەن.
ماڵپەڕی قایمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، لەلایەن لیژنەی عەلوەی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت‌، لە دوو كەرتی عەلوەی سلێمانی دەستبەسەر‌ زیاتر لە (26) تۆن سێوی زەرددا گیراوە، كە بەهۆی خراپ عەمباركردنیەوە خراپ بووە و شیاوی خواردن نییە.
سێوە دەست بەسەرداگیراوەكە، لە ئێرانەوە هاوردەكراوە و خاوەنەكانیان بەشێوەی ناتەندروست عەمباریان ‌كردون و ساردكەرەوەیان بەكارنەهێناوە، بەهۆی ئەوەشەوە سێوەكان‌‌ تەپیون و بۆنیان ناخۆش و خراپ بوە،‌ لەبەرئەوە‌ شیاوی خواردن نین.‌ 
ئاماژە بەوەشكراوە، بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی سێوە دەست بەسەرداگیراوەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group