رێكخراوەكانی سەر بە حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك گردبونەوە ئەنجامدەدەن

23/05/2019

نەوا
رێكخراوە مەدەنیی و جەماوەرییەكانی سەر بە حزبە كوردستانییەكان، بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی گردبونەوەیەكی ناڕەزایی دژی هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیانی كەركوك و داواش لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، رۆڵی هەبێت لە چارەسەری كێشەكاندا.
رۆژی پێنجشەممە 23ی ئایار نوێنەری ئەو رێكخراوانەی كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەیامێكی پێنج خاڵییان دەربارەی دۆسیە و ناكۆكییەكان لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە بڵاوكردەوە.
رێكخراوەكان دوای كۆبونەوەیەكی هاوبەش لە بارەگای رێكخراوە مەدەنی و جەماوەرییەكانی حزبی شیوعی كوردستان، لەپەیامێكدا، جەختیانكردەوە لە ئەنجامدانی گردبونەوەی ناڕەزایی دژی "گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای كەركوك" و ناوچەكانی تری جێناكۆك.
ئەو هەڵوێستە دوای قوڵبونەوەی كێشەكانی گوندی پەڵكانە دێت لەناحیەی سەرگەڕان-ی قەزای دوبز لە پارێزگای كەركوك، كە پێشتریش بۆ چەندجارێك بونەتە جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵك‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكانی، بەوتەی كورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەركردنیان دەدرێت، لەكاتێكدا عەرەب بەشوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.
رێكخراوەكانی سەر بە حزبە كوردستانییەكان لە خاڵێكی تری پەیامەكەیاندا داوادەكەن حكومەتی عیراقی بەزوترینكات بێتە سەرخەت و پەرلەمانیش هەڵوێستی جددیان هەبێت.
هەروەها داوای ئەوەشیانكردوە نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ چارەسەری بارودۆخی نالەباری ئێستای سنورەكە، چونكە وەك ئەوان دەڵێن ئەگەر كێشەكان بە هەڵپەسێراوی بمێننەوە "دەبێتە مایەی تێكچونی ئاشتی كۆمەڵایەتی".
ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی چوارشەممە 22ی ئایار، راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دوای كۆبونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئەو ناوچانەی لە سەرگەڕان ناكۆكییان هەیە، رایگەیاند، گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی دوای دروێنەی ئەمساڵ كاركردن لە زەوییەكان سڕبكرێن، تا لە روی یاساییەوە كێشەكان یەكلاییدەكرێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group