ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە عیراق زیاد دەكات

23/05/2019 عێراق

نەوا
حكومەتی ئەمریكا بەنیازە رێژەی سەربازانی خۆی لە عیراق جارێكی تر زیاد بكات و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی رەزامەندی پنتاگۆن دەكات.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی سپۆتنیكی رووسی ئاماژە بەوەكراوە، كە حكومەتی ئەمریكا لەهەوڵی زیادكردنی رێژەی سەربازانی خۆیەتی لە عیراق.
هاوكات ژمارەیەك بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، كە پێنتاگۆن خوێندنەوە بۆ ئەگەری رەوانەكردنی 5 هەزار سەربازی تر دەكات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەوتەی ئەو بەرپرسانە فەرماندەی ناوەندی هێزی ئەمریكی داوای رەوانەكردنی ئەو ژمارە سەربازەی كردووە، بەڵام تائێستا دیار نیە كە پێنتاگۆن رەزامەندی لەسەر رەوانەكردنیان دەردەبڕێت یاخود نا، هاوكات ئاشكرایانكردووە ئەركی ئەو هێزانە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت لەناوچەكە.
جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەكاتێكدایە رۆژی سێ شەممەی رابردوو پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو رەوانەكردنی كەشتی جەنگی و هێزی سەربازی ئەمریكا بۆ ناوچەكە لەسەروبەندی بەردەوامی هەڕەشەكانی ئێران، پەیوەستە بەوەی كەدەیانەوێت دڵنیابن لەوەی كە ئایا ئێرانیەكان لە هەڵسەنگاندن و لێكدانەوە بۆ توانای سەربازی ئەمریكا هەڵە دەكەن؟.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group