ئەنجومەنی نوێنەران بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خانەقین دەكات

23/05/2019 عێراق
شێركۆ میروەیس پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەفدێكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەدواداچوونی كێشەكانی ئەم دواییەی خانەقین و ناوچەكانی دەوروبەری سەدانی قەزاكەیان كرد.
شێركۆ میروەیس پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، رۆژی پێنج شەممە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوڕێ لەگەڵ وەفدێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەئەندامیەتی "حاج مەهدی و ناسر هەركی" بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەرووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری سەردانی ناوچەكەمان كرد.
باسی لەوەشكردووە، لەگەڵ قائیمقامی شارەكەو بەرپرسانی ئەمنی كۆبوینەوە، بەوردی باس لەتەواوی رووداوەكان و رێوشوێنە ئەمنیەكان كرا كە چۆن بتوانرێت هەماهەنگی و هەنگاوی باشتر بنرێت بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچەكەو پاراستنی سەروماڵی خەڵكی خانەقین و رێگەگرتن لەهەر رووداوێكی تری لەو شێوەیە.
شێركۆ میروەیس ئاماژەی بەوەشكردووە، وەفدەكە سەردانی گوندی موبارەكیان كرد، بۆ بەئاگابوون لەرەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ناوچەكەو بەدواداچوون كرا بۆ ئەو مەترسیانەی كەلەسەریان دروستبووە. ئەوەشی وتووە: "بەشێكی دیكەی سەردانەكەمان كۆبونەوەیەكی فراوانبوو، لەگەڵ چالاكوانان و كەسایەتیە كۆمەڵایەتی و دیارەكان، ئەوەش بۆ گوێگرتن لەداواو داخوازایەكانیان لەپێناو باشتركردنی دۆخەكەو یاداشتێكیش ئاڕاستەی وەفدەكە كرا، بۆ ئەوەی بگەیەنرێتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تاوەكو بتوانرێت بەشێوەیەكی هەمەلایەنە ئارامی و ئاسایشی شاری خانەقینی بپارێزرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group