نەتەوەیەكگرتوەكان 12 گۆڕی بەكۆمەڵی لە عێراق دۆزیوەتەوە

24/05/2019 عێراق

 

تیمی نەتەوەیەكگرتوەكان كە لە تاوانەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكۆڵێتەوە لە عێراق، (12) گۆڕی بەكۆمەڵی دۆزیوەتەوە.
تیمەكەی نەتەوەیەكگرتوەكان كە لە (2018)ەوە دەستی بەكارەكانی كردوە، راپۆرتی دوەمیی خۆی بە ناونیشانەكانی "ئەو هێرشانەی لە 2014 كرانە سەر ئێزدییەكان"، "ئەو تاوانانەی لە 2016 لە موسڵ ئەنجام دراون" و "ئەو سەربازە عێراقیانەی لە 2014 لە تكریت كوژراون"، پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد.
لە راپۆرتەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی، (12) گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق دۆزراونەتەوە. هاوكات بەڵگەی فیزیكی و زیندەناسی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان وەرگیراون و بە دانیشتن لەگەڵ زیانبەركەوتوان و كەسوكاری هێرش بەركەوتوەكانی داعش بەڵگەكان كۆكراونەتەوە.
تیمەكەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردوە، بە مەبەستی ئەوەی داعش بە بەرپرسیاری تاوانی جەنگ، ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی دەبنە هۆی كۆمەڵكوژی لەقەڵەم بدرێت، بەڵگە كۆكراوەكان ئامادەكراون تاكو بدرێنە وڵاتان و دادگاكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group