فواد حسێن: پێویستە دواكەوتنی موچە لە هەرێم چارەسەر بكرێت

24/05/2019

نەوا

وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، لەمساڵدا موچەی چوار مانگیان بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردوە بەڵام دابەشكردنی تەنها دو موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پەیوەندی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە كە هەرێمەكەی پێدا تێپەڕیوە.
فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق لەمیانی بەشداریكردن لە بەرنامەیەكی كەناڵی "شەرقیە"دا رایگەیاند: ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێمە ئەركەو پابەندبونە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراقەوەو ئەوەش لەبودجەدا جیاكراوەتە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە سۆمۆ.
وەزیری دارایی عێراقی پێی وایە دەبێت پرسی نەوت و دارایی نێوان هەرێم بەغدا چارەسەر بكرێت و ئاشكراشیكرد كە لەدوای جەژنی رەمەزان لەوبارەیەوە دەست بە دانوستان دەكرێت. 
سەبارەت بەوەی كە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دو موچەی داوەتە فەرمانبەران لەو موچانەی لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەولێر كراون، فواد حسێن وتی"ئێمە چوار مانگمان ناردوە بەڵام لەهەرێم قەیرانی دارایی هەبوە، ئەوەش بەشێكی پەیوەندی بە حكومەتی عێراقەوە هەبوە كە پشكی هەرێمی بۆ ماوەی چەند ساڵێك نەناردوە‌، ئەو قەیرانەش وایكرد كە خەرجكردنی موچە دوابكەوێت لەهەرێم." لەگەڵ ئەوەش جەختی كردەوە"بەڵام ئەمە پێویستە چارەسەر بكرێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group