بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی: ئەوەی گزی بكات لە تاقیكردنەوەكاندا دوو ساڵ دوادەخرێت

27/05/2019

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 
لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستیپێكرد و دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی-یش لەپرێس كۆنفرانسێكدا داوای لەدەزگاكانی راگەیاندن كرد هاوكار بن لەڕووی دەرونییەوە و زیاتر پاڵنەری قوتابیان بن.
ئەمڕۆ لەكاتی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی، دڵشاد عومەر لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "داواكارین لە كەناڵەكانی راگەیاندن بە بەرنامە و رێنمایی سودبەخش هاوكاربن و لەڕووی دەرونییەوە زیاتر پاڵنەری خوێندكاران بن، ئەمڕۆ لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ژمارەی ئەو خوێندكارانەی بەشداربوون لە تاقیكردنەوەكەدا 34 هەزار و 164 قوتابین، كە بەسەر 673 هۆڵی تاقیكردنەوەدا دابەشبون و لەلایەن پەروەردەی سلێمانییەوە پرسیاریان بۆ رۆیشتوە و هۆڵیان بۆ ئامادەكراوە، لەهەر هۆڵێكی تاقیكردنەوەدا 8 بەڕێوەبەر و مامۆستا و یاریدەدەر هەن، كە ژمارەیان دەكاتە 5 هەزار و 424 بەڕێوەبەر و مامۆستا، 673 سەرپەرشتیاریش سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكان دەكەن". 
بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی پرسیار و فرۆشتنەوەشی، دڵشاد عومەر وتی "ئەمساڵ سێ جۆر لە پرسیارمان ئامادەكردوە و ژمارەی پرسیارەكانیش بریتییە لە 50 پرسیاری هەڵبژاردن، جگە لەئامێری بچڕانی هێڵەكان لە ماوەی تاقیكردنەكان، هێڵی ئینتەرنێتیش رادەگیرێت و لەسەر پەڕەی سۆما پەنجەمۆری خوێندكار وەردەگیرێت بۆ رێگریكردن لە تێكەڵبونی پرسیارەكان و بەوەش مافیان نافەوتێت".
لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری رادیۆ نەوا تایبەت بەڕێگریكردن لە غەشكردن، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتی "ئەمساڵ رێكارەكانمان توندتر كردوە، ئەگەر خوێندكار گزی بكات ئەو ساڵە بە كەوتوو دادەنرێت و پاش دوو ساڵی دیكە دەتوانێت دەستبكاتەوە بەدەوامی ئاسایی، كە ئەوەش وادەكات گۆڕانكاری لە وانەكان و كاتی دەوامیدا دروستبكات، لە دەوامی رۆژ دەچێتە شەوان و ئەگەر دەوامی شەوانیش بێت بە تاقیكردنەوەی دەرەكی دەتوانێت بەشدار بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group