هۆكاری دەنگدانی ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بە نێچیرڤان بارزانی ئاشكرا دەكرێت

28/05/2019 نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی ئامادەنەبون دەنگ بە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش هۆكاری دەنگدانەكەی رونكردەوە.
لەوبارەیەوە لە پرێس كۆنفرانسێكدا مەم بورهان قانع ئەندامی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان وتی "وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئەو دانیشتنەی تایبەت كرا بە پرسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بایكۆتمان كرد و نەچوینە ژوورەوە".
وتیشی "بەهۆی ئەوەی كێشەمان هەبووە، هەروەها تێبینیمان هەبووە تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی رەشنووسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە تێپەڕێنراوە و ئەو میكانیزمەی سەرۆكی هەرێم و مەرجەكانی دەستنیشانكردنی سەرۆكی هەرێم وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژویی رەتدەكەینەوە و بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا ناكەین".

لەلایەن خۆیەوە عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رۆژنامەنوسان وتی "بەهۆی ئەوەی مەرجەكانی دەستنیشانكردنی سەرۆكی هەرێم وەك پێویست نەبوون و پاشانیش هیچ بەرپرسیارێتییەكی لەبەردەم پەرلەمان و خەڵكیشدا نییە، بۆیە دەنگمان پێ‌ نەدا".
رونیشیكردەوە، تێبینییان لەسەر یاساكەش هەبوو، بۆیە كۆمەڵی ئیسلامی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبو.

هەروەها شێركۆ جەودەت سەرۆكی  فراكسیۆنی یەگگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، سیستمی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان پەرلەمانی نییە، بۆیە وەك یەكگرتوو كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەبوو، دەنگیشیان بەپرۆسەكە نەدا.
وتیشی "هیوادارین ئەمڕۆ پێچێكی گرنگ بێت بەرەو گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان و بەرەو یەكڕیزی نیشتمانی بەرەو بەرژەوەندی خەڵك و هەڵگردنی ئەو دۆخە كارەساتبارەی، كە ژیان و قوتی خەڵكی كوردستان تێی كەوتوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو راشیگەیاند، هیوادارن ململانێی حزبی لە ئێستا و داهاتوی هەرێم بەرەو ئاقارێكی تەندروست بەرێت و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لێ بێكەوێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتی "بەمەبەستی پاراستنی كوردستان لە مەترسییەكان و كاراكردنی یاسای چاكسازی هەرێمی كوردستان، فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوە".
وتیشی "ناوچە جێناكۆكانی كوردستان لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە مەترسی گەورەدان، هەروەها ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان مەترسییەكە گەورەتر دەكات، بۆیە دەبێت هەموولایەك كۆك بن بۆئەوەی مەترسییەكان نەهێڵین، بەتایبەتی كە ئێستا ئامادەكاری بۆ سەرژمێری دەكرێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رونیكردەوە، بابەتی یاسای چاكسازی هەرێمی كوردستان پێویستییەكی حەتمەییە، بۆیە فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوەو رێز لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دەگرێت.
عەلی حەمە ساڵح بۆ رۆژنامەنوسان وتی "وابڕیارە تا 20ی مانگی داهاتوو كابینەی تازە رابگەیەنرێت، واتا ناولێنان بۆ سەرۆكی كابینەكە و جێگرەكەی دەستپێدەكات، ئەوەی دەمێنێتەوە، كە بەپێی رێككەوتنەكەیە، بزووتنەوەی گۆڕان پشكی خۆی بەردەكەوێت و كاردەكات بۆئەوەی خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات".
لەبارەی دەستوری هەرێمی كوردستانیشەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان باسی لەوەكرد، هەوڵی ئەوە دەدەن دەستور بەپێی داخوازییەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بێت و تێبینییە یاساییەكان، كە لەسەری هەیە، هەمووی چارەسەر بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group