بەهۆی عیراقەوە، نرخی هێلكە لە توركیادا نیوەی نرخەكەی لەدەست دەدات

02/06/2019 نەوا

عیراق هاوردەكردنی هێلكەی توركی رادەگرێت و سودەكەشی بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
بە هۆی وەستاندنی هاوردەكردنی هێلكەی توركی لە عیراق، نرخی ئەو بەرووبوومە پەلەوەرییە لە بازاڕەكانی ناوخۆی توركیا لەسەدا 50 دابەزینی بەخۆیەوە بینی.


هێلكە كە تەبەقی بە 20 لیرە (3.5دۆلار) دەفرۆشرا، لەسەدا 50 لە نرخەكەی دابەزی. لەئێستادا تەبەقێك هێلكە لە ماركێتەكانی توركیا بە 10 لیرە (یەك دۆلار و 70 سەنت) دەفرۆشرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە عیراق هاوردەكردنی هێلكەی توركی راگرتووە.
لەوبارەیەوە ئیبراهیم ئافیۆن سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی بەرهەمهێنانی هێلكە ئاماژەی بەوەداوە، ژەمی بەیانیان لە هاویناندا گۆڕانكاری بەسەردا دێت بۆیە بەشێك لە دابەزینی نرخەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە، بەڵام بەشی هەرە زۆری دابەزینی نرخەكە پەیوەندی بە پێشهاتی ترەوە هەیە.

ئیبراهیم ئافیۆن ئاماژە بەوە دەكات لەبەر زۆربوونی خستنەڕوو لە كەرتی هێلكەدا لە عیراق، قەدەغە خراوەتە سەر هێلكەی توركیا و وتی: "تا دوو ساڵ لەمەوبەر هەناردەمان لەسەدا 95ی بۆ عیراق بوو. دوای هاتنەناوەوەی هەندێك وڵاتی تر و زیادبوونی بەرهەمهێنانی هێلكە لە ناوخۆی عیراقدا، بەشی ئێمە بۆ لەسەدا 80 دابەزی. ئەو مەودایەمان بە وڵاتانی تری كەنداو پڕ دەكردەوە. بەرهەمهێنەرانی هێلكە، بە هۆی بوونی خستنەڕووی زیاد لە پێویست لە كەرتی هێلكەدا، زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و داوایان لە حكوومەت كردووە كە دەروازە سنووریەكان دابخەن بەڕووی هێلكەدا، بۆیە حكوومەتیش بەگونجاوی زانیوە دەرگاكانیان دابخەن تا كاتێكی نادیار. ماوەی دوو هەفتەیە هێلكە هەناردە ناكەین بۆ عیراق. هەر بەو هۆیەوە هێلكە لە ناوخۆدا دەفرۆشرێت، بۆیە نرخەكان لای ئێمە دابەزیوە".

سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی بەرهەمهێنانی هێلكە ئاماژە بەوەش دەكات عیراق بۆ بەرهەمهێنەران بازاڕێكی ئاسانە و دەڵێت: "عیراق بازاڕێكی ئاسانە، ئاسانكارییە بۆ ئێمە لەڕووی ئەڵتەرناتیڤی بازاڕەكانەوە هەندێك كێشە هەیە نەمانتوانیوە چارەسەری بكەین. ئەگەر بازاڕی ئەڵتەرناتیڤمان هەبووایە كێشەكانمان چارەسەر دەكرد و رووبەڕووی ئەو كێشەیە نەدەبووینەوە. ئێستا بەدوای بازاڕی جێگرەودا دەگەڕێین. هەندێك ئاستەنگی هەیە لەبەردەممان، هەوڵی تێپەڕاندنیان دەدەین. لەمەودوا بە مەرجی بەشكردن ئیدارەی عیراق رێگە بە هاوردەكردنی دەدات. دەبێت حكوومەتی عیراقی نرخی هێلكە هاوسەنگ بكات تاكو جارێكی دیكە دەرگاكانی بەڕووی هێلكەدا بكاتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group