جەژنانە چییە، كەی و لە كوێ‌ سەریهەڵدا؟

03/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
لەئایینی ئیسلامدا دوو جەژن هەیە، كە تێیدا سەرجەم چین و توێژەكان جلوبەرگی نوێ‌ و رازاوە دەپۆشن و پیرۆزبایی لە یەك دەكەن و داوای گەردن ئازادی دەكەن، سەرەڕای ئەوەش منداڵان و گەنجان و لاوان چاوەڕێی جەژنانە دەكەن، كە بڕێك پارەیە و گەورەكان دەیدەن بە بچوكەكان.
وشەی جەژنانە بە عەرەبی (عیدیە) واتا (بەخشندەیی و سۆز) و لەوشەی (عید)ەوە هاتوە، كە بەواتای زۆری بەخشندەیی خودا لەسەر بەندەكانی دێت جا مادی بێت یان رۆحی.
بۆ یەكەمجار جەژنانە لە میسر لەسەردەمی فاتمیەكاندا لەسەردەستی خەلیفە "مەعزەدینوڵڵای فاتمی" داهێنرا، كە دەیویست دڵی هاووڵاتیان و پیاوانی دەوڵەت بەدەستبهێنێت و دراوی بەسەر فەقێكان و قورئان خوێنان دابەش دەكرد، لەبەیانی یەكەم رۆژی جەژندا خەلیفە دەچوە دەرەوە بۆ لای ئەو شوێنكەوتو و هاووڵاتیانەی دەچون بۆ كۆشك و دراوی ئاڵتونی بەسەریاندا دابەش دەكرد.
دكتۆر ئیبراهیم عەنانی ئەندامی یەكێتی مێژونوسانی عەرەب لە توێژینەوەیەكی مێژووییدا بەناونیشانی (مێژووی جەژنانە لەسەردەمەكاندا) دەڵێت "سەردەمی فاتمیەكان خۆشگوزەرانی بوو، كە ساڵی 515ی كۆچی، 16 هەزار دیناریان وەك جەژنانە لەجەژنی رەمەزاندا دیاری كردبوو، بەڵام وردە وردە لەگەڵ دابەزینی گەشەی ئابوری لەو دەوڵەتەدا بڕی جەژنانەش كەمی كرد، دواتریش سەردەم بۆ سەردەم جۆر و بڕی جەژنان گۆڕدرا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group