سەرۆكی لیڤەرپوڵ: پێدەچێت كۆتینهۆ پەشیمان بێت

03/06/2019 وەرزش

نەوا
تۆم فیرنەر سەرۆكی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی پێیوایە فیلیپ كۆتینهۆی یاریزانی پێشویان و ئێستای بەرشەلۆنە پەشیمانە لەوەی وەرزی رابردو سوربو لەسەر رۆیشتن بۆ یانە كەتەلۆنییەكە.
فیرنەر لەلێدوانێكدا وتویەتی "شتی باشم هەیە لەبارەی فیلیپ كۆتینهۆوە بیڵێم، بەڵام پێموایە بۆیە لە لیڤەرپوڵ رۆیشت تا یاری بۆ یەكێك لە دوو یانە هەر گەورەكەی ئیسپانیا بكات".
هەروەها دەڵێت "هەوڵماندا قایل بكەین بەوەی یانەكەمان لەسەر رێڕەوێكی دروستە، هەروەك دەتوانێت شەوانی نایاب لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا بەسەرببات ئەگەر لە ریزی لیڤەرپوڵ بەردەوام بێت، بەڵام پێموایە ئێستا پەشیمانە لەو بڕیارەی داویەتی".
كۆتینهۆ لە مانگی 1ی ساڵی 2018دا بەرانبەر بە 160 ملیۆن یورۆ لە لیڤەرپوڵەوە رووی لە بەرشەلۆنە كرد و وەرزێكی خراپی لەگەڵ یانە نوێیەكەی بەسەربرد، ئێستاش باس لەوە دەكرێت، كە رەنگە روو لە یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group