بچڕانی بەستەری پاژنەی پێ نەیماری لە كوپا ئەمریكا دورخستەوە

06/06/2019 وەرزش
نەوا
یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل دوركەوتنەوەی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی یەكەمی هەڵبژاردەكەیانی لە پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا راگەیاند.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاری دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و قەتەر، لە خولەكی 17ی سەرەتای یاریەكەدا نەیمار بەهۆی پێكانەوە چوە دەرەوەی یاریگا و بە كیسێك سەهۆڵەوە راستەوخۆ چوە ژووری خۆگۆڕین.
 
لە پاش یارییەكە، یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، نەیمار پشكنینی تیشكی بۆ كراوە و دەركەوتوە توشی بچڕانی بەستەری پاژنەی پێی راستی بوە.
هەروەها ئەوەش رونكراوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی قورسی پێكانەكەی، نەیمار كاتی پێویستی لەبەردەمدا نییە بۆ چاكبونەوە و بەشداریكردن لە كوپا ئەمریكادا، كە ناوەڕاستی ئەم مانگە یارییەكانی لە بەرازیل دەستپێدەكات.
 
ئەم پێكانەی نەیمار پاش دوو روداوی نەخوازراو دێت، كە یەكەمیان لێسەندنەوەی شارەی كاپتنی و دووەمیشیان تۆمەتی لاقەكردنی كچە مۆدێلێكی بەرازیلییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group