رۆناڵدۆ نهێنی بەردەوامبونی ئاستەبەرزەكەی ئاشكرا دەكات

08/06/2019 وەرزش

نەوا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان و پورتوگال نهێنی بەردەوامبونی ئاستەبەرزەكەی ئاشكرا دەكات هەرچەندە تەمەنی گەیشتوەتە 34 ساڵ.
رۆناڵدۆ بە ماڵپەڕی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا "وێفا"ی وتوە، لایەنی دەروونی رۆڵی سەرەكی هەیە لەو ئاستەبەرزەی پێشكەشی دەكات هەرچەندە تەمەنی بۆتە 34 ساڵ.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت "هەموو بابەتە پەیوەندی بە ئامادەسازی و خۆماندوكردنەوە هەیە..هەستدەكەم تەندروستیم نایابە هەرچەندە بومەتە 34 ساڵ. هۆكاری سەرەكیش پەیوەندی بە دەماغەوە هەیە".
وتوشیەتی "كاتێك هەست بە پاڵنەری بەردەوام و خۆشحاڵی دەكەیت و وەك یاریزانێكی تۆپی پێ هەنگاودەنێیت، ئەوا دەتوانیت زیاتر پێشكەش بكەیت، منیش ئەو هەستەم هەیە و هەستیشم نایابە".
هەروەها رۆناڵدۆی ئەستێرە دوپاتیكردوەتەوە، كە دەیەوێت دووەم نازناوی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، كاتێك لە شەوی یەكشەممەی ئەم هەفتەیەدا لە یاری كۆتایی خولی نەتەوەكانی ئەوروپادا بەسەركردایەتی پورتوگال روبەڕوی هۆڵەندا دەبنەوە.
لە نیوەی كۆتایی ئەو پاڵەوانێتییەدا، رۆناڵدۆ توانی 3 گۆڵی سەركەوتنی هەڵبژاردەكەیان لە سویسرا تۆماربكات و بگەنە یاری كۆتایی. لەوبارەیەشەوە دەڵێت "كاتێك درێسی هەڵبژاردەی پورتوگال دەپۆشم هەستێكی تایبەتم هەیە. ئەوە شەرەفێكی مەزنە بۆ من. ئەوە وڵاتی خۆم و وڵاتی خانەوادەكەم و هاوڕێكانمە، ئەو شوێنەیە، كە لێی گەورە بوم".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group