بەهۆی ناوی خوداوە پارێزەرێكی بێباوەڕی ئەمریكی كەیسێكی لەسەر دۆلار دۆڕاند

11/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
مایكڵ نیودۆ ئەو پارێزەرە بێباوەڕەی لە دادگا سكاڵای لەسەر دراوی دۆلار تۆمار كردبوو بۆ سڕینەوەی رستەی In God We Trust واتە "ئێمە باوەڕمان بەخودا هەیە"، كەیسەكەی دۆڕاند و دادگا داواكاریەكەی رەتكردەوە.
ماڵپەڕی فۆكس نیوزی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، مایكڵ نیودۆ پێشتر لەدادگای باڵای ئەمریكی كەیسێكی بەرزكردبوەوە بۆ ئەوەی ئەو رستەیەی سەر دۆلار لاببرێت، ئەو هەنگاوەش لەلایەن بێباوەڕەكانەوە پشتگیری لێكرا بەو بیانوەی ئەو دەربڕینە پێشێلكردنی بیروباوەڕیانە، كە پێیانوایە "خودا بوونی نییە"، بەڵام ئەو پارێزەرە هیچ بیانویەكی بۆ داواكاریەكەی نەبووە، بۆیە كەیسەكەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی دۆڕاندوە.
دەربڕینی "ئێمە باوەڕمان بەخودا هەیە" لەساڵی 1864ەوە لەسەر سەرجەم دراوە كاغەزیەكانی ئەمریكا هەیە و لەساڵی 1955یشدا خرایەسەر سەرجەم دراوە ئاسنەكان.
ئەوەش یەكەمجار نییە ئەو پارێزەرە كەیسێكی لەو شێوەیە بەرزبكاتەوە و پێشتریش لەكەیسێكدا داوای كرد دەربڕینی "لەژێر سێبەری خودادا" لەكاتی سوێندخواردن لە ئەمریكا لاببرێت، هەروەها پێش ئەوەش هەوڵی دا رەمزە ئایینییەكان لەكاتی ئاهەنگی دەستبەكاربونی سەرۆكایەتی ئەمریكا "جۆرج بوش و باراك ئۆباما" لاببرێن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group