پێنی نێونەتەوەیی كەمپینێكی بۆ ئازادكردنی زارا محەمەدی دەستپێكرد

11/06/2019 جیهان
زارا محەمەدی مامۆستای خۆبەخشی زمانی كورد

نەوا
ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی دەستگیركردنی مامۆستا كوردەكەی رۆژهەڵاتی كوردستانی شەرمەزار كرد و كەمپینێكی بۆ ئازادكردنی دەستپێكرد.
كۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕ لە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی، لەسەر پێشنیاز و داواكاریی ناوەندی (PEN)ی كورد، دەستگیركردنی زارا محەمەدی مامۆستای خۆبەخشی زمانی كورد شەرمەزار كرد و هاوكات كەمپینێكیشی بۆ ئازادكردنی دەستپێكرد.
دڵشاد خۆشناو، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی ناوەندی (PEN)ی كورد لەوبارەیەوە بە نەوای راگەیاند: لەگەڵ بیستنی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو مامۆستایە، كۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕ راگەیاندراوێكی لە میدیاكان بڵاو كردەوە و هاوكات ناردیشی بۆ ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی و داوای لێكردووە كە كەمپینێك دەستپێبكات و كار لەسەر ئازادكردنی زارا بكات.
لەبارەی گرنگی ئەو جۆرە كەمپینانە دڵشاد خۆشناو وتی: گرنگی ئەو كەمپینانە لەوەدایە كە رێكخراوێكی نێونەتەوەیی ناوداری خاوەن پێگە و متمانە لە ناو كۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بەڕێوەی دەبات و لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە میدیا جیهانییەكان و مەڵبەندە رۆشنبیرییەكان باس دەكرێت.
وتیشی: جگە لەوەش ئێستاكە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی كە 146 ناوەند لەخۆی دەگرێت لە سەرتاسەری جیهان، كاتێك ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی دەست بە كەمپینێك دەكات، ناوەندەكانی دیكەش لەلای خۆیانەوە دەستپێدەكەن.
نزیكەی مانگێكە هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان زارا محەمەدییان دەستگیركردووە، كە بەشێوەی خۆبەخش وانەی زمانی كوردی بە منداڵان دەوتەوە و تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group