پەرلەمانتارانی دیالە داوای توندكردنی رێوشوێنی ئەمنی لە ناوچە سوننەكان دەكەن

11/06/2019 عێراق
ئەحمەد مەزهەر جبووری پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە

"پێویستە چەك تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت"
نەوا
ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای دیالە داوایان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كرد بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی زیاتر و توندكردنەوەی رێوشوێنی ئەمنی بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەكەیان سوننە مەزهەبن و بەم دواییانە پێشێلكاری ئەمنییان بەخۆوە بینیوە.
ئەحمەد مەزهەر جبووری پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری تری ئەو پارێزگایە لە باڵەخانەی پەرلەمان ئەنجامیاندا، رایگەیاند" دەستێك هەیە كە دەیەوێت ئارامی و سەقامگیری پارێزگاكە تێكبدات و بیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی تاریكی (سەردەمی داعش) و وەرەقەكان تێكەڵ بكات".
جبووری وتی:" داوا لە سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكان، عادل عەبدولمەهدی دەكەین هێزێك لە دەزگای بنەبڕكردنی تیرۆر و هێزی سەربازی رەوانەی پارێزگاكە بكات ، هەروەها پێویستە چەك تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت". 
ئاماژەی بەوەش كرد، پەرلەمانتارانی پارێزگاكە كە ژمارەیان 14 پەرلەمانتارە دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و بەدواداچوونی دۆخەكە ، زۆر تێبینیان لەلا دروستبووە كە ئاماژەی مەترسیدارن ئەگەر چارەسەریان بۆ نەكرێت.
هەفتەی رابردوو چەكدارانی نەناسراو چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیالەیان كردە ئامانج كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی سوننە مەزهەبن ، ئەو هێرشانەش كوژراو و بریندار و سوتاندنی دەغڵ و دانی جووتیارانی لێكەوتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group