"عیراق بەندكراوی بندیواریشی هەیە"

12/06/2019 عێراق

نەوا
بورهان مەعموری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لەسەر پشكی پارێزگای دیالە دەڵێت "گومان هەیە كە بەندكراوی بندیوار لەگرتوخانەكاندا هەبن، بۆیە داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای روبەڕونەوەی گەندەڵی دەكەین لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە پێكبهێنێت".
بورهان مەعموری لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە گرنگترین بەڕێوەبەرایەتیەكانی سەربە وەزارەتی دادە، چونكە بەرپرسە لەسەرجەم بەندكراوەكانی عیراق، كە مانگانە ملیارەها دینار لە بودجەی دەوڵەتی بۆ خەرجدەكرێت بۆ پێداویستیەكان و خواردنی زیندانیان.
وتیشی "گومان هەیە، كە بەندكراوی بندیوار هەبێت و ئەوەش پارەیەكی زۆر بەهەدەر دەدات و زیاتر لە نیشانەیەكی پرسیار لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتیە جێدەهێڵێت".
ئەو پەرلەمانتارە داوا لەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی دەكات ژمارەی راستی بەندكراوان و ئەو پارەیەی بۆ گرێبەستەكانی خواردن خەرج دەكرێت، بەشێوەیەكی دروست و ئاشكرا بڵاوبكاتەوە، هەروەها داواش لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەكات لیژنەیەك بۆ ئاشكراكردنی راستیەكان پێكبهێنێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی بەندكراوی بندیوار بونیان هەیە یان نا و لێپێَچینەوە لە هەركەسێك بكات، كە داهاتی گشتی بەهەدەر دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group