سلێمانی.. ناوی بێكاران لە شەش رۆژدا تۆمار دەكرێت

12/06/2019

نەوا
حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیایەكی ئەڵمانی لە سنوری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمار دەكەن و هەلی كاریان بۆ دەدۆزنەوە، ناو تۆماركردنیش تەنها شەش رۆژ دەبێت‌. 
لەوبارەیەوە دیار حەمید نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاری سلێمانی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، بەرنامە و پلانێكی فراوان لەنێوان وەزارەتی كار و رێكخراوی GIZی ئەڵمانی داڕێژراوە بۆئەوەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەتەواوی شار‌و شارۆچكەكانەوە ناوی ئەو كەسانە تۆمار بكرێت كە بێكارن بە هەردوو رەگەزەكەوە، بە خوێنەوار و نەخوێندەوارەوە بەمەرجێك تەمەنیان لەنێوان 18-60 ساڵیدا بێت و فەرمانبەر نەبێت.
وتیشی "لە رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2019وە لە سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن دەستپێدەكات و رۆژی 13 و 16ی مانگ لەناو تەلاری هونەر دەبێت و رۆژانی 17،18،19 و 20 ناونوسین لەناو پاركی ئازادی دەبێت، لایەنی ئەمنی و دابینكردنی شوێنیش بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەكە لەو چەند رۆژەدا لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دابینكراوە".
نوێنەرەكەی وەزارەتی كاری هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تۆماركردنی ناوەكان بەپێی سیستمی بایۆمەتری وردبینی تەواویان لەلایەن وەزارەتی كار و رێكخراوی GIZ و پارێزگاكانەوە بۆ دەكرێت و دواتر هەوڵدەدرێت هەلی كاریان بۆ دابین بكرێت. 
دیار حەمید ئاشكراشیكرد، تۆماركردن بێبەرانبەرە و بۆ هاووڵاتیانی ناوشاری سلێمانییە، ئەو كەسانەش لە شار‌و شارۆچكەكانی دەوروبەری سلێمانی نەیانتوانیوە لە كاتی خۆیدا بەهۆی نەخۆشی و گەشتەوە ناویان تۆماربكەن، دەتوانن لەگەڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆماربكەن، هەركەسێكیش دوبارە ناوی تۆماربكات راستەوخۆ هەردوو ناوەكە لە سیستمەكە لادەبرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group