پەرلەمانی كوردستان هۆكاری پەخشنەكردنی مارشی ئەی رەقیب ئاشكرا دەكات

12/06/2019

نەوا

پەرلەمانی كوردستان هۆكاری پەخشنەكردنی سوردی نیشتمانی عێراق و مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم رووندەكاتەوە.
لە روونكردنەوەكەی بەڕێوبەرایەتی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، وەك عورفێكی پەرلەمانی مارشی نەتەوەیی تەنیا لەكاتی كردنەوەی وەرزی گرێدانی پەرلەمان پەخش كراوە و لە دانیشتنە ئاساییەكانی تردا پەخش ناكرێت.
راشیگەیاندووە،  دانیشتنی ژمارە (7)یش دانیشتنێكی ئاسایی بووە و دانیشتنی كردنەوەی وەرزی گرێدانی پەرلەمان نەبووە، بۆیە مارشی نەتەوەیی پەخش نەكراوە. 
جێی باسە لە دانیشتنی ژمارە حەوتی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 10 ی حوزەیران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای هەولێر بەڕێوەچوو تێیدا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، بە هۆی پەخشنەكردنی هەر دو سرودی نیشتمانی عێراق و مارشی ئەی رەقیب لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، رەخنە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان گیرابوو، داواش كرابوو لەو بارەوە ئەو دامەزراوەیە روونكردنەوە بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group