كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی راوه‌ماسی ئاشكرا ده‌كرێت

13/06/2019
نه‌وا- رۆژیار سیروان –سلێمانی 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی راوه‌ماسی  و كارو چالاكییه‌كانی سێ مانگی رابردووی راده‌گه‌یه‌نێت. 
هێمن كه‌مه‌رخان به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند، دوای سێ مانگ له‌ رۆژی 15-6-2019  راوه‌ماسی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و هاووڵاتیان ده‌توانن به‌پێی رێنماییه‌كانی پۆلیسی دارستان ده‌ست به‌ راوه‌ماسی بكه‌نه‌وه‌.
وتیشی:" له‌ماوه‌ی سێ مانگی قه‌ده‌غه‌كردنی راوه‌ماسیدا له‌سنووری پارێزگای سلێمانی 83 هاووڵاتی به‌هۆی راوه‌ماسییه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، به‌ڵام ساڵی رابردوو  109 هاووڵاتی ده‌ستگیركرابون،  به‌راوور به‌ساڵی رابردوو رێژه‌كه‌ كه‌متره‌ كه‌ ئه‌وه‌ش جێی دڵخۆشییه‌و ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هاووڵاتیان په‌یامه‌كانی پۆلیسی دارستانیان پێده‌گات".
به‌پێی ئاماره‌كانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی له‌سێ مانگی رابردوودا توانراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر 939 تۆڕی ماسی و 526 ماسی راووكراو 23 به‌له‌م و 158 قولاب و 10 ئۆتۆمبێل و 5 ماتۆڕسكیل و 2 كڵاشینكۆف و 30 فیشه‌ك و چه‌ند جانتایه‌كی تایبه‌ت به‌ راوه‌ ماسی بگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group