ماكرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێوه‌ ئاگاداری پابه‌ندیی ئێمه‌ن سه‌باره‌ت به‌ئاواتی كورد

پێش 2 هەفتە

نه‌وا
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌) له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دۆمینیك ماس كۆنسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێم، نامه‌یه‌كی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی هه‌رێم.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ماكرۆن له‌ نامه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی "ده‌مه‌وێت گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز بكه‌م به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و هیوای سه‌ركه‌وتنی ته‌واوتان بۆ ده‌خوازم له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م به‌رپرسیارییه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌دا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت "ده‌ستبه‌كاربوونتان قوناغێكی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ هه‌موو عیراق، كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌قامگیركردن و ئاشته‌وایی كومه‌ڵایه‌تیدان. دڵنیام ئه‌زموونی به‌ڕێزتان له‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كاندا و هه‌ستی به‌ڕێزتان بۆ ده‌وڵه‌تمه‌داری، یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌تان، كه‌ فه‌ره‌نسا پشتگیریی ته‌واوی لێ ده‌كات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كه‌ فه‌ره‌نسا و كوردستان له‌ رێگای په‌یوه‌ندیی مێژووییه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جه‌نگی هاوبه‌شی دژبه‌ داعش ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی پته‌وتر كردوه‌ و نوسیویه‌تی "ده‌مه‌وێت به‌تایبه‌تی سوپاسگوزاریی خۆم به‌ ئێوه‌ رابگه‌یه‌نم بۆ ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌خشراون، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ بێ‌ وێنه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بۆ پێشوازیكردن له‌و ئاوارانه‌ی له‌ ده‌ستی به‌ربه‌رییه‌تی جیهادییه‌كان رایانكرد. ئێوه‌ ئاگاداری پابه‌ندیی ئێمه‌ن سه‌باره‌ت به‌ئاواتی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عیراقێكی یه‌كگرتوو، فیدرال و دیموكراتدا. به‌ ناوی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌وه‌ بوو كه‌ فه‌ره‌نسا به‌شداری كرد له‌ هاندانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی دروست بوون. ئه‌مڕۆ، ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌ قوڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، هه‌روه‌ها ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌ سایه‌ی ئه‌م دینامیكییته‌وه‌ كراون له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئاسایش و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌موو عیراقدا".
 هه‌روه‌ها ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نوسیویه‌تی "هیواخوازم بتوانین په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بده‌ین، به‌تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌ی كه‌ خه‌ڵك له‌ یه‌كتری نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌: له‌ بواره‌كانی ئابووری، كولتووری، په‌روه‌رده‌یی. ئێوه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانن پشت به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسی ببه‌ستن. تكا له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م جه‌نابی سه‌رۆك كه‌ بڕوا به‌ستایشی بێپایانم بكه‌ن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group