پۆمپیۆ: دەتوانین بەشێوەی یاسایی بژاردەی سەربازی لە دژی ئێران بەكاربهێنین

16/06/2019
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

نەوا
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جارێكی تر ئێران بە هێرشكردنەسەر دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە دەریای عومان تۆمەتبار دەكات و باس لەوەشدەكات دەتوانن بە شێوەیەكی یاسایی بژاردەی سەربازی لە دژی تاران بەكاربهێنن.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "ئێران هێرشەكانی سەر كەشتی بازرگانی و ئازادی دەریاوانی لە كەنداوی عومان ئەنجامداوە، نیازی لەمەدا روونە كە دەیەوێت رێگە لە هاتوچۆی كەشتیەكان بە گەرووی هورمزدا بگرێت".
وتیشی: "ئاژانسەكانی هەواڵگریی داتا و بەڵگەی زۆریان لەبەردەستە بەوەی ئێران لە پشت هێرشكردنە سەر دوو كەشتییە نەوت هەڵگرەكەی كەنداوی عوماندایە".
مایك پۆمپیۆ راشیگەیاند "شەڕمان ناوێت، بەڵام بەردەوام دەبین لە رێككارەكانمان بۆ بەرگرتن لە ئێران لە پیادەكردنی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رونیشیكردەوە، بژاردەی زۆریان لەبەردەستدایە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئێران لەوانە وەشاندنی گورزی سەربازی و بەشێوەیەكی یاساییش دەتوانن ئەو هەنگاوە بنێن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هێرش كرایە سەر دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە دەریای عومان و هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و بەریتانیا ئێرانیان لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار كرد، لە بەرامبەر دا تاران تۆمەتەكەی رەتكردۆتەوە و بە هێرشێكی گوماناوی ناویبردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group