پادشای رۆما بە توڕەییەوە قەڵای گورگەكان بەجێدەهێڵێت

17/06/2019 وەرزش

نەوا
فرانشیسكۆ تۆتی ئەستێرەی یانەی رۆما پاش 24 ساڵ تەمەن ریزی یانەكەی بەجێدەهێڵێت و رەخنە لە خاوەنە ئەمریكییەكانی رۆما دەگرێت و دەڵێت "دەیانەوێت رۆڵەكانی رۆما دوربخەنەوە".
تۆتی لە ساڵی 2017دا وازی لە یاریكردن هێنا و لەو كاتەوە تا رۆژی دووشەممە 17-6-2019 وەك بەڕێوەبەری تیمی تۆپی پێی رۆما بەردەوام بوو لە خزمەتكردنی یانەكەی.
لەبارەی بڕیاری رۆیشتنی لە قەڵای گورگەكان، تۆتی ناسراو بە پادشای رۆما وتی "بە ئیمەیلێك نامەیەكم نارد، كە هەرگیز رۆژێك لە رۆ1ان لە خەیاڵمدا نەبوە: دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەشكرد".
تۆتی ئەو كاتەی یاریزانێكی لاو بوو لە ساڵی 1989 پەیوەندی بە تیمە جیاوازەكانی یانەكەیەوە كرد و تا 1993 بەردەوام بوو، پاشان چوە ریزی تیمی یەكەمی رۆما و 786 یاری بۆ كرد، 307 گۆڵی تۆماركرد و ئێستاش دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێكە، كە هەرگیز حەزم نەكردوە بێت...رۆژێك زۆر بە ئازارە. جێدەستم لەم یانەیەدا دیار بوو، پێیان دەوتم نرخم بەهام گەورەیە وەك یاریزان یاخود كارگێڕی، ئێستاش دەڕۆم و كارێكی زۆر بە ئازارە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group