میشێل پلاتینی ئازادكرا

19/06/2019 وەرزش

نەوا
دوای دەستگیركردنی میشێل پلاتینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسییەوە لەسەر دۆسێی مۆندیالی 2022، درەنگانی شەوی رابردو ئازادكرا.
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، میشێل پلاتینی سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا پاش چەند كاتژمێرێك لە لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەكانی، لەلایەن پۆلیسی فەرەنسییەوە ئازادكراوە و هیچ تۆمەتێكیشی ئاراستەنەكراوە.
لای خۆیشیەوە ویلیام بۆردۆن پارێزەری پلاتینی ئاماژەی بەوەداوە، سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ئازادكراوە و هیچ تۆمەتێكیشی لەسەر نییە، بۆیە پێویستی بەو هەموو هەڵڵایە نەدەكرد، كە لەسەر دەستگیركردنی دروستكرا.
گومانێك هەیە لەوەی پلاتینی بەرتیلی وەرگرتبێت بۆئەوەی دەنگ بە دۆسێی قەتەر بدان بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2022. پێشتریش جۆزێف سیپ پلاتەر سەرۆكی پێشوی فیفا ئاشكرایكردبو، كە نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی پێشوی فەرەنسا پلاتینی ئاگاداركردوەتەوە دەبێت دەنگ بدەن بە دۆسێی قەتەر بۆ میوانداریكردنی ئەو مۆندیالە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group