تۆمەتێكی دیكەی دەستدرێژی سێكسی روبەڕوی ترامپ دەكرێتەوە

22/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
ئێلیزابێس یان كارڵ نوسەر لە گۆڤاری "ئیڵ"، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا دەستدرێژی سێكسی كردوەتەسەری.
ئیلیزابێس، كە ئێستا تەمەنی 75 ساڵە، لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری "نیویۆرك"دا وتویەتی "بەتەواوەتی بیرم نەماوە ساڵی 1995 بوو یان 1996 كاتێك چومە فرۆشگایەكی "بێرگدروف گودمان" لەناوچەی "ئابر ئێست ساید" لەوێ‌ ترامپم بینی كە ئەوكات گەشەپێدەری بواری خانوبەرەبو و دەمناسی".
باسی لەوەشكردوە، ترامپ داوای لێكردە هاوكاری بكات لە كڕینی دیاریەك بۆ خانمێك و ئەویش رازی بوە، بەڵام دواتر زانی ئەو خانمە خۆیەتی و دەڵێت "كاتێك دیاریەكەم بۆ كڕی، كە پارچەیەك جل بوو، داوای لێكرم تاقیبكەمەوە و داواشی لێكردم بێتە شوێنی تاقیكردنەوەی جلەكەوە لە گەڵمدا و وامزانی گاڵتە دەكات، بەڵام خۆی پێداكرد و بەزۆر ماچی كردم و دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم".
ئەو نوسەرە باسی وردەكاری چۆنێتی دەستدرێژیكردنەسەری كردوە و ئاماژەی بەوەشداوە، بەرگری كردوە، بەڵام هیچ سودێكی نەبوو، لەكۆتاییدا توانیویەتی دەربازی بێت و هەڵاتوە. وتوشیەتی "سكاڵام لەسەر تۆمارنەكرد، چونكە ئەو پیاوێكی ملیاردێر بوو، ترسام تۆڵەم لێبكاتەوە، بەڵام هەر ئەو رۆژە روداوەكەم بۆ دوو رۆژنامەنوسی كچی هاوڕێم باس كرد".
گۆڤارەكە لەزاری ئەو دوو رۆژنامەنوسەوە روداوەكەیان پشتڕاستكردوەتەوە و وتویانە ئەو رۆژە باسی چۆنێتی دەستدرێژیكردنەسەری بۆ كردون، ئەو نوسەرە ئافرەتە بڕیاریشیداوە بەسەرهاتەكانی بگێڕێتەوە و بڵاویانبكاتەوە، كە تێیدا باس لەوە دەكات چەندینجاری دیكەش دەستدرێژی كراوەتەسەر.
لای خۆیشیەوە دۆناڵد ترامپ لەبەیاننامەیەكدا ئەو تۆمەتانەی رەتكردوەتەوە و دەڵێت "بەهەموو تەمەنم ئەو ئافرەتەم نەبینیوە و ئەو پروپاگەندانەی بۆ فرۆشتنی كتێبەكەی بڵاوكردوەتەوە"، بەڵام گۆڤارەكە وێنەیەكی ترامپی بڵاوكردوەتەوە، كە لەگەڵ ئەو نوسەرە ژنە و مێردەكەیدا وەستاون و قسەدەكەن و پێدەكەنن.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group