پەرلەمانتارێكی هەدەپە: هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا گوڕانكاری ریشەیی دروستدەكات

23/06/2019 جیهان
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"
نەوا-كاروان مەحمود 
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2019 هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ لەسەر داوای ئاكپارتی دووبارە كرایەوەو لەدوای ئاشكراكردنی ئەنجامە سەرەتاییەكانیش بینالی یڵدرم كاندیدی ئاكپارتیی دەسەڵاتداری توركیا بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، پیرۆزبایی لە ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد، پەرلەمانتارێكی  پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ش دەڵێت: "ئەو هەڵبژاردنە گۆڕانكاریی ریشەیی لە توركیا دەكات و وەكو كوردیش بۆ ئەكەپەو جەهەپەمان سەلماند بەبێ كورد ناتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن و بووینە هێزی یەكلاكەرەوە".
سەبارەت بە سەركەوتنی ئیمام ئۆغلۆ كاندیدی جەهەپە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەكەی ئیستەنبوڵ، حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئیستەنبوڵ لە 40% ی ئابوری توركیا پێكدەهێنێت لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە یەك لەسەر پێنجی كۆی دانیشتوانی توركیایەو بەوهۆیەوە ئیستەنبوڵ كاریگەری بەسەر سیاسەتی گشتی توركیاوە هەیەو هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا بەتەنیا هەڵبژانێكی ئاسایی نییەو كاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتی توركیا دەبێت.
وتیشی: "كاتێك ئێمە لەرۆژئاوای ئانادۆڵ رامانگەیاند كە پشتیوانی ئەو بەرەیە دەكەین كە لە پێناو ئازادی و دیموكراسی تێدەكۆشن ئامانجمان بوو ئەو گەورە شارانەی توركیا لەدەست ئەكەپەو مەهەپە بهێنینە دەرەوە چونكە ئەو دوو حزبە دژی برایەتی گەلان و دژی نەتەوەكانن، ئێستا ئەتوانرێت بوترێت لە توركیا پەڕەیەكی نوێ هەڵدراوەتەوە، بەوستراتیژەی كە گرتمانەبەر لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانی توركیا بۆ ئەكەپەو جەهەپەمان سەلماند بەبێ كورد ناتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن و بووینە هێزی یەكلاكەرەوە".
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" بۆ رادیۆ نەوای  زیاتر دواو وتیشی: "دوای ئەوەی شارە گەورەكانی دیكەشیان لەدەستدا لە ئێستادا ئیستەنبوڵیش لە دەست ئەكەپەو مەهەپە هاتنە دەرەوە بەمەش دەكەونە قەیرانێكی قوڵەوە ئەو سەرچاوە داراییانەیان لەدەستچوو كە بۆ كڕینی ئینتمای كۆمەڵگە بەدەستیان دەهێنا و بەوەش لاواز دەبن".
راشیگەیاند، "بەدور نازانرێت لەناو ئاكەپەدا حزبی نوێ دروست بكرێن و چارەنوسی ئەو حزبە بەرەو لەناوچوون بچێت، جەختی لەوەشكردەوە، "سەركەوتنی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەتەنها بۆ ئەو شارە نییە بەڵكو گۆڕانكاری ریشەیی لە توركیا دروستدەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group